ئێران بۆ تۆڵەکردنەوەی قاسم سولەیمانی 200 ملیۆن یۆرۆ دەداتە سوپای قودس
بەرپرسانی ئێران لە چەندین ئاستدا جموجۆڵیان دەستپێکردووە و هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە لە ئەمریکا دەکەن. پاش کۆبوونەوەکە رایانگەیاند، ئەنجوومەنەکە بڕیاری پێویستی بۆ تۆڵەسەندنەوە لە ئەمریکا داوە و لە کات و شوێنی گونجاودا ئەنجامەکەی دەبینرێت.
هەر پاش کۆبوونەوەکە، عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی، ئاشکرایکرد 13 سیناریۆ تاوتوێکراون، بەڵام بڕیاری کۆتایی لەبارەیانەوە نەدراوە و ناکرێت لەسەر بنەمای سۆز بڕیار لەسەر هەڵوێستە نێودەوڵەتییەکانی وڵات بدرێت، بەڵکو بە رەچاوکردنی پرسە ئەمنی و نێودەوڵەتییەکان بڕیار دەدەن. بەڵام پاش چەند کاژێرێک قسەکانی شەمخانی لە میدیاکانی ئێرندا سڕانەوە و شەمخانی رەتیکردەوە هیچ لێدوانێکی دابێت.
هەندێک لە بەرپرسانی ئێرانی دەڵێن، مەرج نییە خۆیان تۆڵەبکەنەوە، بەڵکو هەموو هێزەکانی بەرگری لە ئێران ئامادەی تۆڵەسەندنەوەن. مەبەست لەو گوتەیەش گرووپەکانی نزیک لە ئێرانە.
هاوکات حەسەن نەسروڵڵا، رێبەری حیزبوڵای لوبنانیش سوێندی خواردووە بە جیا تۆڵەی قاسم سولەیمانی دەکاتەوە. بەڵام ئەمڕۆ رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە داوە، عەلی خامنەیی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیدا گوتوویەتی، "دەبێت هێزە ئێرانییەکان خۆیان هێرش بکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هێرشەکەش راستەوخۆ بێت."
پەرلەمانی ئێرانیش بۆ دەستکراوەیی سوپا، بڕی 200 ملیۆن یۆرۆی بۆ سوپای قودس تەرخانکرد، ساڵی داهاتووش بودجەیان زیاددەکەن.
عەلی لاریجانی، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند "بڕیاردەران و بکەرانی ئەم تاوانە لە پنتاگۆن و هێزەکانی سوپا بە تیرۆریست دادەنرێن. ئەندامانی بەڕێزی ئەنجوومەن ئەمڕۆ بڕیاریاندا کە بۆ ئەمساڵ 200 ملیۆن یۆرۆ لە سندووقی پەرەپێدانی نیشتمانی بۆ سوپا تەرخانبکرێت، ساڵی داهاتوو بەهەمان شێوە لە بودجەدا بودجەی تایبەت بە سوپای قودس تەرخاندەکەین."
لەگەڵ هەڕەشەی بەرپرسانی ئێران، وەزیری کاروباری دەرەوەی شانشینی عوممان بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی گفتوگۆی تاران گەیشتە پایتەختی ئەو وڵاتە و لەگەڵ جەواد زەیف بەشداریی کۆڕبەندەکری کرد و کۆبووەوە. وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆڕبەندەکەدا جەختیکردەوە کە تۆڵەی سەخت لە ئەمریکا دەکەنەوە.
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، "بەدڵنیاییەوە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە کات و شوێنێکدا وەڵامی ئەو دەستدرێژییە وەردەگرێتەوە کە سەختترین ئازاری پێبگات. جارێکی دیکە دەیڵێمەوە، ئەمریکا بە تیرۆری سەردار شەهید قاسم سولەیمانی، کۆتاییهاتنی بوونی ناڕەوای خۆی لە رۆژئاوای ئاسیا دەستپێکرد و بەرهەمی خوێنی ئەو شەهیدە گەورەیە دەستیپێکردووە."
ئامادەبوونی بەرپرسەکەی شانیشی عوممان لە کۆڕبەندی گفتوگۆی تاران، بەو شێوەیە لێکدەدرێتەوە کە رێگەی گفتوگۆ لەنێوان ئێران و ئەمریکا دانەخراوە، چونکە عوممان پێشتر یەکێک بووە لەو وڵاتانەی نێوەندگیریی لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا کردووە، بەڵام هێشتا دیار نییە تۆڵەسەندنەوەی ئێران دۆخەکە خراپتر دەکات یان گفتوگۆ ئەنجامەکان دەگۆڕێت.
