رووحانی بۆ ترەمپ: ئەوانەی ئاماژە بۆ ژمارە 52 دەکەن دەبێت 290یان لەبیربێت

رووحانی بۆ ترەمپ: ئەوانەی ئاماژە بۆ ژمارە 52 دەکەن دەبێت 290یان لەبیربێت
هەریەکە لە دۆناڵد ترەمپ و حەسەن رووحانی توویتی نوێیان بڵاوکردەوە، ترەمپ دەڵێت ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆم و رووحانی باسی 52 ئامانجەکە دەکات کە ترەمپ گوتی دیارییان کردووە بۆئەوەی هێرشیان بکەنەسەر.

حەسەن رووحانی، سەرۆکی ئێران لە توویتێکدا بە ئاماژەکردن بۆ رووداوی خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی هێڵێکی ئاسمانیی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە لە ساڵی 1988 کە تیایدا 290 کەس گیانیانلەدەستدا، نووسیویەتی "ئەوانەی ئاماژە بۆ ژمارە 52 دەکەن، دەبێت ژمارە 290یشیان لەبیربێت".

سەرۆکی ئێران لە توویتەکەیدا نووسیویشیەتی "هەرگیز هەڕەشە لە گەلی ئێران مەکە".

هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە توویتێکدا نووسیویەتی "ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی".

وەڵامەکەی رووحانی بۆ ئەو توویتەی ترەمپ بوو کە تیایدا باسی لەوە کرد، ئەگەر ئێران هیرشبکاتە سەر ئەمریکییەکان یاخود بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، ئێمە 52 پێگەمان لە ئێران دیاریکردووە تاوەکو بیانکەینە ئامانج.
Top