ئاگرەکەی ئوسترالیا ژمارەیەکی خەیاڵی لە گیانداران دەکوژێت

ئاگرەکەی ئوسترالیا ژمارەیەکی خەیاڵی لە گیانداران دەکوژێت
بەهۆی ئاگرەکەی ئوسترالیا تاوەکو ئێستا لانیکەم 28 کەس گیانیان لەدەستداوە، ئاگرەکە بە هێواشی روو لە فراوانبوونە تیمەکانی بەرگریی شارستانی ئاماژە بە ژمارەیەکی خەیاڵی گیانداران دەکەن کە بەهۆی ئاگرەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

ئاگرەکە رووبەرێکی زۆری لە دار و درەختی دارستانەکان و خانووی خەڵک لەناوبردووە؛ هەندێک سەرچاوەی ئوسترالیش باس لەوە دەکەن، 480 ملیۆن گیاندار بەهۆی ئاگرەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

هەرچی ئاگرکوژێنەوەیە سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن، بەڵام بۆیان کۆنترۆڵ ناکرێت.

ئاگرەکەی ئوسترالیا لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2019وە دەستیپێکردووە، نزیکەی 15 ملیۆن دۆنم زەوی و هەزار و 300 خانووی سووتاندووە. هۆکاری بەردەوامبوونی ئاگرەکە بۆ بەرزیی پلەی گەرما، وشکەساڵی و هەورەبرووسکە گەڕێندراوەتەوە.

چینێکی ئەستووری دووکەڵ ئاسمانی چەندین شار و شارۆچکەی داپۆشیوە، بۆنی دووکەڵ تەنانەت دەگاتە ئەو شوێنانەش کە ئاگر تەنگی پێهەڵنەچنیوون. دوو لەو شوێنانەی کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بریتین لە هەریەکە لە هەرێمەکانی ڤیکتۆریا و نیو ساوز وێڵز.

سکۆت مۆریسن، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا دەڵێت، وڵاتەکەی هەموو هەوڵێکی داوە بۆئەوەی گۆڕانی کەشوهەوا کەمترین زیان بە ژینگە بگەیێنێت و دەڵێت "ئوسترالیا ئەرکی سەرشانی بەجێهێناوە، ئوسترالیا باشتر لە زۆربەی وڵاتان رووبەڕووی ئاستەنگەکان بووەتەوە، چونکە شێوازەکانی گەیشتن بە ئامانجەکانمان خێراترکردوون، واتە ئێمە دەتوانین ئەو ئامانجانە بپێکین تاوەکو داواکارییەکانی بزووتنەوەی گۆڕانی کەشوهەوا جێبەجێ بکەین کە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دیارییانکردوون".

ئاگرەکەی ئوسترالیا لە خۆشترین کاتەکانی سەرۆکوەزیرانی وڵات دەستیپێکرد، لەکاتێکدا سکۆت ماریسن لە دوورگەی هاوای لە پشوودا بوو، بەڵام بارودۆخەکە وایکرد پشووەکەی کۆتایی پێبهێنێت و هەوڵی جیددی بدات بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە کە شارەزایان پێیانوایە بەئاسانی کۆنترۆڵ ناکرێت.
Top