کچەکەی قاسم سولەیمانی: شەش مامی ئازیزم هەیە کە تۆڵەی باوکم دەکەنەوە

کچەکەی قاسم سولەیمانی: شەش مامی ئازیزم هەیە کە تۆڵەی باوکم دەکەنەوە
زەینەبی کچی قاسم سولەیمانی کە لە لێدوانێکدا حەسە نەسروڵای ئەمینداری گشتیی حزبوڵای لوبنانی بە "مامی ئازیز" ناو بردبوو، ناوی پێنج کەسی دیکەی خستە ڕیزی ”مامی ئازیز“ کە چاوەڕوانە ئەوان تۆڵەی باوکی بکەنەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ئیرنا (ماڵپەڕی فەرمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران)، زەینەب سولەیمانی لە وتارێکدا کە ئەمڕۆ دووشەممە 2020.1.6 لە کاتی ڕێوڕەسمی پرسەی باوکی لە زانکۆی تاران بەڕێوە چووە، وێڕای ناوهێنانی ترەمپ و ئەمریکا بە ترسنۆک، جەختی کردووەتەوە: "مامی ئازیزم "حەسەن نەسروڵا" پەیامەکەی باوکمی بە ترەمپ و دوژمنان ڕاگەیاند و ئێستا شەش مامم بەناوەکانی "حەسەن نەسروڵا، ئیسماعیل هەنیە، زیاد نەحالە، بەشار ئەسەد، ئەبوو حەسەن عامری و عەبدولمەلک حووسی" هەیە.

کچەکەی سولەیمانی لە بەرامبەر دۆناڵد ترەمپدا ئاماژەی بەوە داوە: "هەرکام لەو مامانەم چەشنی باوکم بەتەنیایی بۆ لەناوبردنی تۆ و کەسانی هاوشێوە و هاوبیرت بەسن و ڕێگەکەی باوکم درێژە دەدەن".

ئەمڕۆ دووشەممە هەموو دامودەزگاکانی تاران بە بۆنەی پرسە و ڕێوڕەسمی پرسەی قاسم سولەیمانی کران بە پشوو و لە زانکۆی تاران پرسەی بۆ دانرا و عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران نوێژی لەسەر خوێند و بڕیارە سبەی سێشەممە تەرمەکەی بگەڕێندرێتەوە بۆ شاری کرمان و لە شوێنی لەدایکبوونی بە خاک بسپێردرێت.













باسنيوز
Top