کچەکەی قاسم سولەیمانی: مامی ئازیزم حەسەن نەسروڵا تۆڵەی باوکم دەکاتەوە

کچەکەی قاسم سولەیمانی: مامی ئازیزم حەسەن نەسروڵا تۆڵەی باوکم دەکاتەوە
زەینەب سولەیمانی، کچی قاسم سولەیمانی فەرماندەی کوژورای سوپای قودس بە ئەمینداری گشتیی حزبوڵای لوبنان هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات و دەڵێت ”مامی ئازیزم حەسەن نەسروڵا تۆڵەی باوکم دەکاتەوە“.

ماڵپەڕی (فارس‌نیوز)ی سەر بە سوپای پاسداران بڵاوی کردووەتەوە، زەینەب سولەیمانی، کچی قاسم سولەیمانی لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی (ئەلمەنار)ی لوبنانی گوتوویەتی: "دەبێ جیهان بزانێت بە کوژرانی باوکم، ئێمە ناشکێین و لە ئەنجامدا تۆڵەی خوێنی دەکەینەوە".

کچەکەی قاسم سلێمانی لە لێدوانەکەیدا "حەسەن نەسروڵا"ی ئەمینداری گشتیی حزبوڵای لوبنانی بە "مامی ئازیز" ناو بردووە و دەڵێت: "سڵاوم بۆی هەیە و باش دەزانم کە ئەو مامە ئازیزەم تۆڵەی خوێنی باوکم دەکاتەوە".

هاوکات بە توندی دژی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا قسەی کردووە و گوتوویەتی: "تۆ ڕکابەری باوکم نەبووی، بۆیە بە مووشەک کردتە ئامانج، ئەگەر بتوێرایە لە نزیکەوە ڕووبەڕووی دەبوویتەوە".

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ٣ی ١ی ٢٠٢٠، لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، دوو ئۆتۆمبێلی حەشدی شەعبی کرانە ئامانج کە تێیدا قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و چەند چەکداری دیکەی سوپای پاسداران و حەشدی شەعبی کوژران.

ئەم رووداوە لە ئاستی ناوخۆی هەر دوو وڵاتی ئێران و عێراقدا کاردانەوەی جۆراوجۆری لێ کەوتووەتەوە و ئەمڕۆ تەرمی قاسم سولەیمانی لە ڕێگەی پارێزگای خووزستانەوە بەرەو تاران بەڕێ کرا و بڕیارە سبەینێ دووشەممە دوای ڕێوڕەسمێکی تایبەتی لە تاران، ڕەوانەی شاری کرمان، شوێنی لەداکبوونی بکرێت و لەوێ بینێژن.









باسنيوز


Top