ڕاپرسییەكی ئاكەپە: دەنگەكانی ئاكەپە بۆ 30٪ دابەزیوە
ڕۆژنامەی (یەنی چاغی)ی توركی ئاشكرای دەكات، دەزگایەكی راپرسیی سەر بە ئاكەپە لەبارەی دەنگەكانی ئاكەپە لە دۆخی ئێستا راپرسییەکی ئەنجام داوە، بەڵام ئەنجامەكەی دڵخۆشكەر نەبووە، چونكە دەنگی ئاكەپە بۆ ٣٠٪ دابەزیوە.
بە گوێرەی زانیارییەكانی ئەو رۆژنامەیە كە لەسەر زاری بەرپرسێكی ئاكەپەوە بڵاوی كردووەتەوە، چەند سەركردەیەكی بەرزی ناو ئاكەپە رەخنەی توندیان لە رەجەب تەیب ئەردۆغان گرتووە، بەوەی ئەو بووەتە هۆكاری دابەزینی دەنگی ئاكەپە، ئەویش بە گوتنەوەی دروشمی (توركیای میللی) كە ئەمە زیانی زۆری لە ئاكەپە داوە.
بەرپرسێكی ئاكەپە كە نەیویستووە ناوی خۆی ئاشكرا بكات، قسەی بۆ (یەنی چاغ) كردووە و دەڵێت: "لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا، دەنگدەری توركیا ئێمە فێرە وانەیەكی باش كرد و سزای ئێمەی دا تا بە خۆماندا بچینەوە، بەڵام دەبینین ئێستا دەنگەكانمان بە شێوەیەكە كە خەریكە لە دەسەڵات دەمانهێننە خوارەوە".
ئەو بەرپرسە پێی وایە نەدەبوا ئاكەپە و ئەردۆغان رێگەیان بدایە ئەحمەد داودئۆغلو و عەلی باباجان لە ئاكەپە بكشێنەوە و پارتێكی تازە دروست بكەن، چونكە ئەمە وای كرد بە دەستی خۆیان لایەنگرانی پارتەكەیان بۆ ئۆپۆزسیۆن بنێرن.
ئەو دەڵێت: "ئێمە ترسی ئەوەمان هەیە كە ئایندەی ئاكەپە وەكوو پارتی دایکی نیشتمان (ANAP) و پارتی چەپی دیموکراتیک ( DSP )ی لێ بێت لە ٢٠٠٢".
باسنيوز
