هێزێکی ئەمریکا بەرەو لوبنان بەڕێ دەکرێت

هێزێکی ئەمریکا بەرەو لوبنان بەڕێ دەکرێت
هێزێکی ئەمریکی بەرەو لوبنان بەڕێ دەکرێت و ئەرکێکی تایبەتی پێدەسپێردرێت.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی (RT)ی رووسی، هێزەکە لەنێوان 100-750 سەرباز دەبێت و دەخرێنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

هەروەک ماڵپەڕەکە بڵاوی کردووەتەوە، ئەو هێزە ئەمریکا ئێستا لە ئیتاڵیایە و بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاندووە، هێزەکە بۆ پاراستنی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان، دەنێردرێتە ئەو وڵاتە.

پێشتر لە 18-4-1983، تەقینەوەیەکی بەهێز باڵوێزخانەی ئەمریکای لە بەیرووت کردە ئامانج و بووە هۆی کوژرانی 63 دیپلۆمات و کارمەندی باڵوێزخانەکە و حکوومەتی لوبنانیش ئەوکات رایگەیاند، حزبوڵڵای لوبنانی، کە میلیشیایەکی شیعەمەزهەبی لوبنانییە، تەقینەوەکەی ئەنجام داوە.

ناردنی ئەو هێزە بۆ لوبنان دوای کوشتنی ئەبو مەهدی موهەندیس و قاسم سلێمانی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکاوە، دێت.

بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.

بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.

حەشدی شەعبی لە زیاتر لە 60 گرووپ و میلیشیای تائیفیی توندڕەو پێک دێت، کە دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی نزیکەی نیوەی خاکی ئەو وڵاتە لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعش، بە فەرمانی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق پێک هات.

چەکدارانی ئەو میلیشیایانە، کە زۆرینەیان فەرمان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەردەگرن، گوێ بە هیچ یاسا و دابونەریتێک نادەن و بە توندترین و خراپترن شێوە مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتییانی عێراق، بەتایبەت پارێزگا سوننەنشینەکان، دەکەن.

لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.











باسنيوز
Top