ئینتەرپۆڵ داوای دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پێشووی نیسان دەکات
ئەوەی ئینتەرپۆڵ داوای دەکات جێبەجێکردنی ئاسان نییە، چونکە لوبنان هیچ رێککەوتنێکی لەگەڵ ژاپۆن نییە بۆ رادەستکردنەوەی کەسانی داواکراو و فەرەنساش دەڵێت، ئەگەر غوسن بچێتە ناو وڵاتەکەی ئەوا رادەستی ناکات.
کارلۆس غوسن لە ژاپۆن تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی مامەڵەی خراپی ئابووری و شەوی سەری ساڵی نوێ گەیشتە بەیرووت. باوەڕوایە ئەو فڕۆکە تایبەتەی غوسنی گواستووەتەوە لوبنان سەرەتا چووەتە ئیستەنبووڵ و ئەوەش وایکردووە بەرپرسانی تورکیا دەست بە لێکۆڵینەوە بکەن.
میدیای تورکیا دەڵێت، تاوەکو ئێستا 7 کەسی پەیوەندیدار بەو بابەتە دەستگیرکراون، لەوانەش 4 فڕۆکەوان، بەڕێوەبەری کۆمپانیایەک و دوو کارمەندی فڕۆکەخانە.
هەندێک راپۆرت ئاماژە بەوەدەکەن، غوسن خۆی لەناو سندووقێکی گەورەی ئامێری میوزیکیدا شاردووەتەوە و بەو جۆرە دەرچووە، بەڵام هاوژینەکەی دەڵێت، ئەو راپۆرتانە لە راستییەوە دوورن.
کارلۆس غوسن بیزنیزمانێکی فەرەنسییە، لە بەرازیل لەدایکبووە و باووباپیری خەڵکی لوبنانن، وڵاتینامەی هەرسێ وڵاتەکەشی هەیە و وەبەرهێنانێکی زۆری لە بواری بانک و خانووبەرە لە لوبناندا کردووە.
غوسن وەک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکانی میشلن، رینۆڵت، ئاڤتوڤاز، نیسان و، میتسوبشی کاریکردووە، بەڵام ساڵی 2018 لە ژاپۆن تۆمەتی مامەڵەی نەشیاوی ئابووری درایە پاڵ.
