سەرۆکی پێشوتری ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا: پێویستە بەتوندی لە دوژمنەکانمان بدەین

سەرۆکی پێشوتری ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا: پێویستە بەتوندی لە دوژمنەکانمان بدەین
سەرۆکی پێشوتری ئەنجومەنی نوێنەرانی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رایگەیاند، داوا لە بەرپرسانی وڵاتەکەی دەکات لەوەڵامی هێرشکردنە بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدای پایتەخی عێراق، بۆردومانی ئێران بکات، "پێویستە بەتوندی لە دوژمنەکانمان بدەین".

دوێنێ سێشەممە لایه‌نگرانی حه‌شدی شه‌عبی له‌به‌رامبه‌ر هێرشه‌كانی ئه‌مریكا بۆسه‌ر بنكه‌كانی حزبوڵا له‌ عێراق هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌عێراق، نوسینگه‌ی پشكنین و ده‌رگای دوه‌می باڵیۆزخانه‌كه‌یان سوتاند.

پێویستە راستەوخۆ لەدڵی دوژمن بدەین، وا بکەین بەتوندی باجی هەڵەکانیان بدەن


نیوت گینگریج، سەرۆکی پێشوتری ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لەتویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە، "پێویستە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا وەڵامی ئێران لە ئێران بداتەوە، دیکتاتۆریەتی ئێران گرنگی بە ژمارەی هاوپەیمانەکانی نادات لە عێراقدا، پێویستە راستەوخۆ لەدڵی دوژمن بدەین، وا بکەین بەتوندی باجی هەڵەکانیان بدەن".

ئاماژەی بەوەشکرد، "دیکتاتۆریەتی ئێران چەندینجار ئێمەی تاقیکردوەتەوە، ئەگەر ئاستی سزاکانمان بۆ سەر ئەو وڵاتە زیادبکەین، پێویستە پارەی سوپای پاسداران بلۆک بکرێت بۆ ئەوەی واز لە دوژمنکاریەکانی بهێنێت".

ئێران بە تەواوەتی بەرپرسیارە لە ژیانی هەر کەسێک و هەر جۆرە زیانێک کە بە دامەزراوەکانمان بگات


هلوکات پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی رایگەیاندبو، "ئێران بە تەواوەتی بەرپرسیارە لە ژیانی هەر کەسێک و هەر جۆرە زیانێک کە بە دامەزراوەکانمان بگات، ئەوان دەبێ باجێکی قورس بدەن، ئەمە ئاگادار کردنەوە نیە، بەڵکو هەڕەشەیە".

ئەو وتانەی بەرپرسانی باڵای ئەمریکا لەکاتێکدایە دوێنێ، عەباس موسەوی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "توشی سەرسوڕمان بوین بەوەی بەرپرسانی ئەمریكا ئێران تۆمەتباردەكەن بە هێرشكردنە سەر باڵیۆزخانەی وڵاتەكەیان، لەكاتێكدا ئەوان 25 كەسیان لە هێرشەكەی شەوی رابردودا كوشتوە و دەیانی دیكەیان برینداركردوە".

تۆمەتباركردنی ئێران لەلایەن ئەمریكاوە بەشێكە لەو سوكایەتیەی واشنتن بە گەلی عێراقی دەكات


موسەوی باسی لەوەشکردوە، "تۆمەتباركردنی ئێران لەلایەن ئەمریكاوە بەشێكە لەو سوكایەتیەی واشنتن بە گەلی عێراقی دەكات، داواشیكرد ئەمریكا كۆتایی بە سیاسەتە تێكدەرەكانی بێنێت لە ناوچەكە".

هەر لەو بەیاننامەیەدا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پرسیویەتی،"چۆن ئەمریكا پێشبینی ئەوە دەكات كە گەلی عێراق بە بێدەنگی بمێنێتەوە بەرامبەر ئەو هەمو تاوانەی واشنتن بەرامبەری ئەنجامی دەدات؟".

گردبونەوەکەی دوێنێی بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا دوای ئەوە هات کە 29ی مانگی رابردو هێزەکانی ئەمریکا بۆردومانی بنەکانی حزبوڵای عێراقیان کرد و بەهۆیەوە زیاتر لە 25 چەکداری گروپەکە کوژراون و زیاتر لە55 چەکداریش برینداربون.


خەندان-
Top