لە تورکیا بۆ سەری ساڵ خەڵاتێک بە بڕی 13.4 ملیۆن دۆلار دەبەخشرێت

لە تورکیا بۆ سەری ساڵ خەڵاتێک بە بڕی 13.4 ملیۆن دۆلار دەبەخشرێت
لە باکووری کوردستان و تورکیا لەگەڵ هاتنی ساڵی نوێدا خەڵاتی تیروپشک رادەکێشرێت کە بە ''پیانگۆی نیشتمانی'' دەناسرێت. خەڵاتی سەری ساڵی تورکیا کە 80 ملیۆن لیرەیە و تیروپشکەکە بە ئامادەبوونی میدیاکان و خەڵکێکی زۆر بەڕێوەدەچێت.

خەڵکی لە تەواوی ساڵەکەدا لە هەر 81 پارێزگاکەی تورکیا پسووڵەی تیروپشک دەکڕن و دواجار خەڵاتە گەورەکە تەنیا بۆ کەسێک دەردەچێت.

بڕیارە کاژێر 20:00ی ئەمڕۆ لە مەراسیمێکدا خەڵاتی ساڵ لە ئەنقەرە رابکێشرێت و بۆ ئەم مەبەستەش چەند جارێک راکێشانی تاقیکاری و ئەزموونی کراوە.

خەڵاتەکە 80 ملیۆن لیرەی تورکییە کە دەکاتە 13.4 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی. ئەم بڕە بۆ هەرکەسێک دەربچێت، مژدەی گۆڕینی ژیانی چەندین بنەماڵە لەگەڵ خۆیدا دەهینێت.

ئێستا لە باکووری کوردستان و تورکیادا بەشێوەیەکی تێکڕایی نرخی خانووێکی گونجاو بۆ خێزانێکی 5 کەسی نزیکەی 250 هەزار لیرەیە. خەڵاتی سەری ساڵ کە 80 ملیۆن لیرەی تورکییە، نرخی 320 خانووی لەو جۆرە.

ئەوە خەونێکی گەورەیە بۆ خەڵکێکی زۆری ئەو وڵاتە کە تەنانەت رێژەیەکی زۆریان خانووێکیشیان نییە.

جگە لە خەڵاتە گەورەکە، 10 خەڵاتی یەک ملیۆن لیرەیی، 30 خەڵاتی 100 هەزار لیرەیی و 200 خەڵاتی 5 هەزار لیرەیی رادەکێشرێن. بەشێوەیەکی گشتی دوو ملیۆن و 950 هەزار و 905 خەڵات دابەشدەکرێن.

تەواوی ئەو پارەیەی لە خەڵاتەکاندا دەبەخشرێن، بەگشتی بریتییە لە 436 ملیۆن و 540 هەزار لیرەی تورکیی کە نزیکەی 73.3 ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە.

تیروپشکەکە تاوەکو دەرچوونی خەڵاتە گەورەکە بەردەوامدەبێت. دوایین جار خەڵاتە گەورەکەی تیروپشکی سەری ساڵ لە تورکیا کە 13.4 ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە، رادەکێشرێت.
Top