نەتەنیاهو سوپاسی ئەمریکا دەکات لە هێرشکردنە سەر حەشدی شەعبی

نەتەنیاهو سوپاسی ئەمریکا دەکات لە هێرشکردنە سەر حەشدی شەعبی
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکدا دەستخۆشی لە ئەمریکا کردووە بەهۆی ئەو هێرشانەی کە بۆسەر حەشدی شەعبی ئەنجامیداون و دەڵێت، بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کردووە.

بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە توویتێکدا لەبارەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر کەتایبی حیزبوڵڵای عێراق نووسیویەتی "ئەمڕۆ قسەم لەگەڵ هاوڕێکەم مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد، پیرۆزباییم لێکرد بەهۆی ئەو کردارە گرنگەی لەو ناوچەیە لە دژی ئێران و هاوپەیمانەکانی ئەنجامیداوە".

رۆژی 29-12-2019 وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دوای هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر حیزبوڵڵای عێراق رایگەیاند، هێرشەکان خاڵێکی وەرچەرخانە بۆ وەڵامدانەوەی ئێران و هێزە بەوەکالەتەکانی لە هەرێمەکە.

ئیسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە توویتێکدا رایشیگەیاند، ئەگەر ئێران لە هێزی ئەمریکا تێنەگات، هەڵەیەکی گەورە دەکات.

رۆژی یەکشەممە 29-12-2019 وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، پێنج هێرشیان بۆسەر بنکەکانی کەتایبی حیزبوڵڵای عێراقی لە سووریا و عێراق ئەنجامداوە. پێشتر حەشدی شەعبی رایگەیاند کە هێرشەکە لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بووە، بەڵام سەرچاوەیەکی ئەمریکی بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە کە هێرشەکە لەڕێگەی فڕۆکەی ئێف 15وە بووە.

حەشدی شەعبی سەبارەت بە ژمارەی کوژراو و بریندارانیان لە هێرشەکەی ئەمریکا بۆسەر بنکە و بارەگاکانیان لە عێراق دەڵێت، 28 کوژراو و 48 بریندار هەن.
Top