ترەمپ داوا لە رووسیا، سووریا و ئێران دەکات "خەڵکی بێتاوان" لە ئیدلب نەکوژن

ترەمپ داوا لە رووسیا، سووریا و ئێران دەکات
سوپای سووریا بە هاوکاریی رووسیا هێرشەکانی بۆ سەر پارێزگای ئیدلب بەردەوامن و بەو هۆیەشەوە دەیان کەس کوژراون و هەزارانی دیکەیش ئاوارەبوون. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە توویتێکدا داوا لە رووسیا، سووریا و ئێران دەکات "خەڵکی بێتاوان" لە ئیدلب نەکوژن.

سەرۆکی ئەمریکا لە توویتێکیدا نووسیوویەتی ''رووسیا، سووریا و ئێران خەریکە بە هەزاران مەدەنیی بێتاوان لە پارێزگای ئیدلب دەکوژن".

ئاژانسی فه‌رمیی توركیا بڵاویكرده‌وه‌، بەهۆى هێرشەكانى سوپای سووریا و رووسیاوە بۆ سەر ئيدلب، لە ماوەى 24 كاژێردا نزيكەى دوو هەزار مەدەنیی ديكە ئاوارەى سنوورەكانى توركيا بوون. هاوکات ژمارەى ئەو سڤيلانەى لە تشرينى دووەمەوە ئاوارەبوونە گەيشتووەتە 217 هەزار كەس.

سەرۆکی ئەمریکا لە توویتەکەیدا داوای لە سووریا، رووسیا و ئێران کردووە ئەو کارە نەکەن و خەڵکی مەدەنی نەکوژن.

لەگەڵ بەردەوامیی بۆردوومان و تۆپبارانی حکومەتی سووریا، دەربەدەربوونی خەڵکی ئیدلب بەردەوامە و هەزاران کەس شارەکەیان بەجێهێشت و بەرەو سنووری تورکیا هەڵهاتن.

سەرۆکی ئەمریکا لە توویتەکەیدا لەبارەی هەڵوێستی تورکیاوە نووسیویەتی "تورکیا زۆر بە جیدی کاردەکات تاوەکو ئەو کوشتارە بوەستێنێت".

لە كۆبوونەوەى ئاستاناى نێوان توركيا، رووسيا و ئێران لە چوار و پێنجی ئایاری 2017دا "ناوچەى كەمكردنەوەى گرژييەكان" لە ئيدلب و دەوروبەرى راگەیێندرا.

بەگوێرەی میدیای تورکیا، لەدوای واژۆکردنی رێککەوتنی نێوان تورکیا و رووسیا، لە 17ی ئەیلوولی ساڵی 2018ەوە تاوەکو ئێستا لە ناوچەی کەمکردنەوەی گرژییەکانی ئیدلب، لە ئاکامی ھێرشەکانی سوپای سووریا و رووسیا زیاتر لە ھەزار و 300 کەس گیانیان لەدەستداوە.

لە کۆتاییەکانی مانگی ئابی ئەمساڵەوە سوپای سووریا بە هاوکاریی رووسیا بۆردوومانەکانی بۆسەر پارێزگای ئیدلب دەستپێکردووەتەوە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 40 گوندی کۆنترۆڵکردووەتەوە و لە پێشڕەوییەکانیشی بەردەوامە.

نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، زیاتر لە 60 هەزار کەس بەهۆی هێرشەکانەوە ئاوارەبوون؛ رێکخراوە ناحکومییەکانی دیکەش باس لە ئاوارەبوونی زیاتر لە 175 هەزار کەس دەکەن.
Top