لە 24 كاژێردا نزيكەى دوو هەزار کەس لە ئیدلب ئاوارەبوون
به گوێرهی ئاژانسهكه، لە ئەنجامى هێرشەكانى سوپای سووریا و هاوكارەكانى كە لە سەرەتاى تشرينى دووەمەوە بەردەوامن، دانيشتووانى ناوچەكانى باشوورى ئيدلب بە لێشاو روو دەكەنە سنوورى توركيا.
محەممەد حەللاج، بەڕێوەبەرى رێكخراوهكانى بەهاناوەچوونى سووريا رایگەياند "پێويستە پێداويستیى زستانەی وەكو خێوهت، پەتوو و پەناگە بۆ ئەو ئاوارانە دابينبكرێت کە هەڵهاتوون و بێشوێنن".
لەماوەی چەند مانگی رابردوودا حکومەتی سووریا سەرەڕای رێککەوتنی ئاگربەست، هێرشەکانی بۆ سەر ئیدلب چڕکردوونەتەوە.
لەگەڵ بەردەوامیی بۆردوومان و تۆپبارانی حکومەتی سووریا، دەربەدەربوونی خەڵکی ئیدلب بەردەوامە و ئەمڕۆ چوارشەممە سەدان کەسی دیکە شارەکەیان بەجێهێشت و بەرەو سنووری تورکیا هەڵهاتن.
حەللاج ئاماژەی بەوەش کرد "لە دوايين 24 كاژێردا زياتر لە دوو هەزار سڤيلی ديكە ئاوارەبوون. لە تشرينى دووەمەوە ژمارەى ئەو سڤيلانەى كە ئاوارەبوون، گەيشتووەتە 217 هەزار كەس".
بەرگریی شارستانیی ئۆپۆزیسیۆن، ناوسراو بە کڵاوسپییەکان، گرتەیەکی ڤیدیۆییان بڵاوکردەوە و تێیدا دەردەکەوێت کە دەیان ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان بەدوای یەکدا کەوتوونەتە رێ و ئیدلب بەرەو سنوورەکانی تورکیا بەجێدەهێڵن.
لە كۆبوونەوەى ئاستاناى نێوان توركيا، رووسيا و ئێران لە چوار و پێنجی ئایاری 2017دا "ناوچەى كەمكردنەوەى گرژييەكان" لە ئيدلب و دەوروبەرى راگەیێندرا.
بەگوێرەی میدیای تورکیا، لەدوای واژۆکردنی رێککەوتنی نێوان تورکیا و رووسیا، لە 17ی ئەیلوولی ساڵی 2018ەوە تاوەکو ئێستا لە ناوچەی کەمکردنەوەی گرژییەکانی ئیدلب، لە ئاکامی ھێرشەکانی سوپای سووریا و رووسیا زیاتر لە ھەزار و 300 کەس گیانیان لەدەستداوە.
