وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوریا : تورکیا سیاسه‌تی پاكتاوی نه‌ژادی لە وڵاتەکەی جێبه‌جێده‌كات

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوریا :  تورکیا سیاسه‌تی پاكتاوی نه‌ژادی لە وڵاتەکەی جێبه‌جێده‌كات
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوریا رایدەگەیەنێت، تورکیا سیاسه‌تی پاكتاوی نه‌ژادی لە وڵاتەکەی جێبه‌جێده‌كات، لەبارەی پەیوەندیەکانی دیمەشق و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر-یش دەڵێت، پەیوەندیەکان هێشتا نەگەیشتونەتە ئاستی "پەیوەندیەکی سیاسی راستەقینە"، ئەوەش بەهۆی مێژوی پەیوەندی کوردەکان بە واشنتن-ەوە.

کوردەکان سیاسەتێکی پلان بۆ داڕێژراویانیان نیە


وه‌لید موعه‌لیم، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوریا لەمیانەی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ روسیا تودەی، رایگەیاند، "کوردەکان سیاسەتێکی پلان بۆ داڕێژراویانیان نیە، ئەوان دەڵێن ئێمە بەشێکین لە سوریا و دەمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ باوەشی نیشتیمان، بەڵام لەپاشاندا لەو سیاسەتەیان پاشگەز دەبنەوە".

گفتوگۆکانی بەرپرسانی حکومەتی سوریا لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) هێشتا نەگەیشتوەتە ئاستی سیاسی راستەقینە


ئاماژەی بەوەشکرد، گفتوگۆکانی بەرپرسانی حکومەتی سوریا لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) هێشتا نەگەیشتوەتە "ئاستی سیاسی راستەقینە"، بەهۆی پەیوەندی مێژویی کوردەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکادا.

موعه‌لیم باسی لەوەشکرد، ئەمریکیەکان هەندێک جار پەیوەندیەکانیان لەگەڵ کوردەکان دەپچڕێنن، ئەو کاتە گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکومەتی سوریا دەستپێدەکەنەوە، بەڵام کاتێک دڵنیایان دەکەنەوە کە وازیان لێناهێنن، گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکومەتی سوریا کۆتایی پێدێنن.

جه‌ختده‌كه‌ینه‌وه‌ ده‌بێت كۆتایی به‌داگیركارییه‌كانی توركیا له‌خاكی سوریا بهێندرێت


لەبارەی تورکیاوە، وەزیری دەرەوەی سوریا رایگەیاندوە، "ژماره‌یه‌ك كۆبونه‌وه‌ له‌نێوان شاندی سوریاو توركیا كراوه‌، به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، ئێمه‌ جه‌ختده‌كه‌ینه‌وه‌ ده‌بێت كۆتایی به‌داگیركارییه‌كانی توركیا له‌خاكی سوریا بهێندرێت".

هیچ په‌یوه‌ندیه‌ك نییه‌ له‌نێوان سه‌ردانی ڕوسیاو ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی بۆ سه‌ر خاكی سوریا


وتیشی، "هیچ په‌یوه‌ندیه‌ك نییه‌ له‌نێوان سه‌ردانی ڕوسیاو ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی بۆ سه‌ر خاكی سوریا، به‌ڵكو ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنانه‌ به‌شێكن له‌هه‌ڵوێستی سوریا بۆ ئازادكردنی سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی وڵات.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوریا ئاماژه‌ی به‌ڕێكه‌وتنی سوچی کرد كه‌ له‌ 22ی ئۆكتۆبه‌ری ئه‌مساڵ له‌نێوان فیلادیمێر پۆتن سه‌رۆكی روسیا و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان سه‌رۆك كۆماری توركیا له‌باره‌ی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات له‌ناوچه‌ سنورییه‌كانی توركیا، وتی، "هێزه‌كانی توركیا شكستیانهێناوه‌ له‌باكوری رۆژهه‌ڵاتی سوریا و پابه‌ندبونه‌كانی خۆشیان جێبه‌جێنه‌كردوه‌، بۆیه‌ له‌ڕێگه‌ی سه‌ربازیه‌وه‌ ده‌رده‌كرێن".

موعه‌لیم جەختیشیکردەوە، تورکیا سیاسەتی پاکتاوی نه‌ژادی لە سوریا جێبەجێ دەکات، كه‌ ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ی رێكکه‌وتنه‌كه‌یه‌تی له‌گه‌ڵ ڕوسیا.






خەندان
Top