دەمیرتاش: کەسێک نیم داوا لە ئەردۆغان بكەم ئازادم بكات

دەمیرتاش: کەسێک نیم داوا لە ئەردۆغان بكەم ئازادم بكات
سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، لە نوێترین دیمانەیدا ئاشكرای دەكات، بۆیە داوای لە دادوەر نەكردووە ئازادی بكات، چونكە ئەوەی بڕیاری ئازادكردنی دەدات دادوەر نییە، بەڵكوو ڕەجەب تەییب ئەردۆغانە، ئەویش ئەو كەسایەتییە نییە داوای ئازادكردن لە ئەردۆغان بكات.

لە دیمانەیەكیدا بۆ رۆژنامەی (جومهوریەت)ی توركی كە ئەمڕۆ ٢٤ی١٢ی٢٠١٩ بڵاو كراوەتەوە، دەمیرتاش پێی وایە ئەو لە زیندان بارمتەیەكی سیاسییە، ئەو تۆمەتانەش کە دراونەتە پاڵ خۆی و هاوڕێكانی هەمووی بێ بنەمایە".

لەبارەی پارتە تازەكەی ئەحمەد داودئۆغلو بەناوی پارتی (ئایندە) دەمیرتاش دەڵێت: "بەهۆی ساڵانی رابردووی كە سەرۆك وەزیران بووە و ڕووبەڕووی من و هەدەپە بووەتەوە، داوای لێ دەكەم داوای لێبوردنێكی دڵسۆزانە بكات. پێویستە هەموو پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا كۆ ببنەوە و یەكگرتوو بن و پلان دابنێن كە ئەم وڵاتە چۆن كۆ بكەنەوە، چۆن بتوانن برینەكان ساڕێژ بكەن و دیموكراتییەكی سەرتاسەری بهێننە بوون".

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی داوای لە دادگا نەكردوە ئازادی بكەن ئاماژەی داوە، ئەوەی بڕیاری ئازادكردنی دەدات دادوەر نییە، بەڵکوو ئەردۆغانە، بۆیە ئەویش لەو كەسایەتییانە نییە داوا لە ئەردۆغان بكات تا ئازادی بكات.

سەلاحەدین دەمیرتاش ماوەی ٣ ساڵ دەبێت لە زیندانی ئێدیرنە زیندانی كراوە، ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵیشی زۆرن، بەڵام سەرەكیترینیان پشتگیریكردنیەتی لە پەكەكە، هەروەها هاندانی خەڵكە تا حكوومەتی توركیا بڕووخێنن.













باسنيوز
Top