تورکیا: لەسێدارەدانی بکوژانی خاشقچی بەس نییە
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەبارەی بڕیاری لەسێدارەدانی بکوژانی نووسەر و رۆژنامەنووسێکی سعودی، رایگەیاندووە، لەسێدارەدانی بکوژەکان بەس نییە.
حامی ئاکسۆی، گوتەبێژی وەزرەتی دەرەوەی تورکیا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، ئەو بڕیارەی دادگای سعودیە دوورە لە ویستی ئەوان و ئەوەش بەرپرسیارێتییەکی یاسایی و ویژدانییە، چونکە ”تاوانەکە لەسەر خاکی ئێمە ئەنجام دراوە“.
حامی ئاکسۆی داوا دەکات ئەو کەسانە دیاری بکرێن، کە لە پشت رووداوەکە بوون و سزا بدرێن، چونکە بە سزادانی ئەو بەرپرس و کەسایەتییانەی لە پشت رووداوەکەوە بوون، ”بنەمای دادگەری“ دەچەسپێت.
رۆژی دووشەممە 23-12-2019، داواکاری گشتیی سعودیە رایگەیاند، کە سزای لەسێدارەدان بەسەر پێنج هاووڵاتی و زیندانیکردن بەسەر سێ هاووڵاتیی دیکەدا بەتۆمەتی کوشتنی جەمال خاشقچی، نووسەر و رۆژنامەنووس، سەپێندرا.
جەمال خاشقچی، نووسەر، رۆژنامەنووس و هاووڵاتیی سعودیە لە ئیستەنبوڵ لە رۆژی 2/10/2018ـەوە ون بوو و دواتر لە رۆژی شەممە 6/10/2018، ئاژانسی (رۆیتەرز) لە زاری ژمارەیەک بەرپرسی تورکیا بڵاوی کردەوە، کە خاشقجی لەناو کونسوڵخانەی سعودیە کوژراوە.
دواى 18 ڕۆژ، له رۆژی شەممە 20/ 10/ 2018، ئاژانسی هەواڵی سعوودیی فەرمی، بڵاوی کردەوە، کە جەمال خاشقجی، لەگەڵ ژمارەیەک هاووڵاتیی وڵاتەکەی لەناو کونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە ئیستەنبوڵ بە دەست بەشەڕ هاتووە و دواتر بهو هۆیهوه، گیانى لهدهست داوه.
باسنيوز
