بودجەی وەزارەتی كاروباری ئایینیی توركیا لە هەشت وەزارەت زیاترە

 بودجەی وەزارەتی كاروباری ئایینیی توركیا لە هەشت وەزارەت زیاترە


لە بودجەی٢٠٢٠ی توركیا پارەیەكی ئێجگار زۆر بۆ وەزارەتی كاروباری ئایینیی تەرخان کراوە، كە بەشێكی زۆری هاووڵاتیان ڕەخنەی لێ دەگرن چۆن دەبێت ئەو پارە زۆرە لە وەزارەتێك خەرج بكرێت، كە راستەوخۆ سەر بە سەرۆك كۆمارە. بە گوێرەی زانیارییەكان بودجەی ٢٠٢٠ی وەزارەتی كاروباری ئایینیی توركیا لە بودجەی ٨ وەزارەت زیاترە.

گفتوگۆكردن لەبارەی بودجەی٢٠٢٠ لە پەرلەمانی توركیا كۆتایی پێ هات، بەڵام ئەوەی باسوخواسی زۆری لەسەر بوو، بودجەی ٢٠٢٠ی وەزارەتی كاروباری ئایینی بوو.

بۆ ٢٠٢٠ بودجەی وەزارەتی كاروباری ئایینی توركیا ١١ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن لیرەی توركیە، كە ئەمەش لە مێژووی توركیادا نەبووە و بودجەكە ژمارەی پێوانەیی تۆمار کردووە.

ئاژانسەكانی هەواڵی توركیا بڵاویان كردووەتەوە، بودجەی وەزارەتی كاروباری ئایینی لە بودجەی ٨ وەزارەتی توركیا زیاترە وەكوو (وەزارەتی دەرەوە، ژینگە، ناخۆ، كشتوكاڵ، پیشەسازی، رۆشنبیری و گەشتوگوزار، وەزارەتی كاروباری یەكێتیی ئەورووپا).

نووسەرانی توركیا، حكوومەت و سەركۆماری توركیایان داوەتە بەر رەخنە و دەڵێن ئەو گرنگییە بە وەزارەتی كاروباری ئایینی وا دەكات، كە هاووڵاتیان و كۆمەڵگەی توركیا بەرەو پاشەكشە بچێت و ئەو گرنگییەش بەو وەزارەتە و گرنگی نەدانیش بە وەزارەتەكانی تری وەكوو ژینگە و رۆشنبیری و پیشەسازی، بۆ داهاتووی توركیا باش نابێت.

یاڵچن ئاكدۆغان نووسەری دیاری ماڵپەڕی (T24)_ی توركی، لە نووسینێكدا ئاماژە دەدات كە بودجەی وەزارەتی كاروباری ئایینی توركیا لە بودجەی (ناسا)ی ئەمریكی زیاترە، لە كاتێكدا ناسا زانست بەرهەم دەهێنێت و مرۆڤ دەنێرێتە سەر مانگ و بۆشاییەكانی ئاسمان، كەچی وەزارەتی كاروباری ئایینی مرۆڤ نانێرێتە سەر مانگ، تەنیا لە مزگەوت و لەڕێگەی تەلەفزیۆنەوە فێری ئەخلاقیان دەكات.

ئەو نووسەرە ئاماژە بە بودجەی (ناسا) دەدات كە لە ٢٠٢٠دا بە پارەی توركی گەیشتووەتە ٩ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن لیرەی توركی، واتە ٢ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن لیرەی توركی بودجەی كاروباری ئایینی توركیا لە بودجەی ناسا زیاترە.

لە دامەزراوەی (ناسا)دا ٢٠ هەزار كەس كار دەكات و زانست بەرهەم دەهێنن و دەگەڕێن بە دوای ئەوەی ئاخۆ لە دەرەوەی ئەم هەسارەیە ژیانی تریش هەیە، بەڵام لە وەزارەتی كاروباری ئایینیی توركیا ١٧٩ هەزار كەس كار دەكات و مووچە وەردەگرن.








باسنيوز
Top