فەخرەدین ئاڵتون: تورکیا لە هەوڵەکانی بۆ پشتوانیکردن لە ئاشتی ناوچەکە بەردەوام دەبێت،

 فەخرەدین ئاڵتون: تورکیا لە هەوڵەکانی بۆ پشتوانیکردن لە ئاشتی ناوچەکە بەردەوام دەبێت،
بەرپرسی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا هێرش دەکاتە سەر ئەو وڵاتانەی پشتیوانی لە هێزەکانی رۆژهەڵاتی لیبیا بە سەرۆکایەتی خەلیفە حەفتەر دەکەن، دەشڵێت، بە گوێرەی رێککەوتنیان لەگەڵ حکومەتی تەرابلوس تورکیا دەتوانێت سیاستەکانی لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست جێبەجێ بکات.

فەخرەدین ئاڵتون، بەرپرسی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە وتارێکدا کە ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاویکردوەتەوە، رایگەیاندوە، "تورکیا لە هەوڵەکانی بۆ پشتوانیکردن لە ئاشتی ناوچەکە بەردەوام دەبێت، لە ئێستاوە تورکیا لە سنورەکانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە گۆڕەپانەکەدایە و پارێزگاری لە مافەکانی سەروەری تورکیا لە دەرەوەی سنورەکانی دەکات".

پێویستە ئەو وڵاتانە پێچەوانەی دانپێدانانی نەتەوەیەکگرتوەکان بە حکومەتی تەرابلوس کە حکومەتی شەرعی لیبیایە رەفتار نەکەن


سەبارەت بە پشتیوانی روسیا، مسر و ئیماراتیش بۆ هێزەکانی رۆژهەڵاتی لیبیا بە سەرۆکایەتی خەلیفە حەفتەر، ئەو بەرپرسە تورکیە نوسیویەتی، "پێویستە ئەو وڵاتانە پێچەوانەی دانپێدانانی نەتەوەیەکگرتوەکان بە حکومەتی تەرابلوس کە حکومەتی شەرعی لیبیایە رەفتار نەکەن، ئەویش لە رێگەی پشتیوانیکردنیان لەو هێزانەی لە دەرەوەی حکومەتی شەرعی دروستبون".

سەبارەت بە رێککەوتنی سیاسی، ئابوری، دەریایی نێوان ئەنقەرە و تەرابلوسیش کە حکومەتی رۆژهەڵاتی لیبیا ئەو رێککەوتنەی رەتکردوەتەوە، فەخرەدین ئاڵتون ئاماژەی بەوەکردوە، "ئەو رێککەوتنە سەروەری وڵاتەکەمان پارێزراوتر دەکات و دەتوانین سیاستەکانی خۆمان لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست جێبەجێ بکەین، رەخنەکانی ئەوروپا، ئەمریکا و وڵاتانی پشتیوان لە حەفتەر ناتوانێت رێگری لەو ئامانجە بکات".

لە 27ی تشرینی دوەمی ئەمساڵدا هەردو حکومەتی تورکیا و لیبیا رێککەوتننامەی لێکتێگەیشتنیان بە بەشداری هەردو سەرۆکی تورکیا و لیبیا لە ئیستەنبوڵ واژۆکرد


لە 27ی تشرینی دوەمی ئەمساڵدا هەردو حکومەتی تورکیا و لیبیا رێککەوتننامەی لێکتێگەیشتنیان بە بەشداری هەردو سەرۆکی تورکیا و لیبیا لە ئیستەنبوڵ واژۆکرد، لە رەشنوسی ئەو رێککەوتننامەیەدا سنورە ئاوێکانی نێوان هەردو وڵات دیاریکراو، یارمەتیەکانی نێوان هەردو وڵات تێیدا بەهێزترکراوە، ئەو بەرەوەپێشچونەی نێوان حکومەتی ویفاق و تورکیا ناڕەزایەتیەکی زۆری لەلایەن وڵاتی میسڕو یۆنان و قوبرسی لێکەوتەوە.

لە ئێستادا وڵاتی لیبیا خاوەنی دو حکومەتە و ئەوانیش بەسەر وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا دابەشبون، ڕۆژی 4ی نیسانی 2019 هێزەکانى سوپای لیبیا بە سەرۆکایەتى خەلیفە حەفتەر بە پشتیوانی مسر و ئیمارات و هێزی ناڕاستەوخۆی روسیا ئۆپراسیۆنێکیان لە هەردو قۆڵی باشور و باشوری ڕۆژهەڵات بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تەرابلوسی پایتەخت دەستپێکرد.

لە مانگی ئازاری ساڵی 2016ەوە حکومەتى ئاشتەوایی نیشتمانی تێدا راگەیەندراوە و لەلایەن تورکیا و قەتەرەوە پشتیوانی دەکرێت، هێزەکانی سەر بە حکومەتی ئاشتەوایی توانیان شاری غەرە کۆنتڕۆڵبکەن کە تەنها 100 کیلۆمەتر لە تەرابلوس دورە.





خەندان
Top