سەعد حەریری داوای خۆپیشاندان لەلایەنگرانی دەکات
سەعد حەریری، سەرۆک وەزیرانی دەستلەکار کێشاوە و سەرۆکی رەوتی موستەقبەل لە پرێس کۆنفڕانسێکدا، رایگەیاندووە، لایەنگرانی پارتەکەی رۆژی هەینی 20-12-2019 خۆپیشاندانیان ئەنجام دا.
سەعد حەریری بە ئاماژەکردن بە رووداوی هێرشکردنە سەر خۆپیشاندانی لایەگرانی رەوتی موستەقبەل، داوای لە لایەنگرانی کردووە خۆپیشاندانێکی ئاشتییانە ئەنجام بدەن، ”ئێمەی رۆڵەکانی رەفیق حەریری لەسەر رێبازی ئاشتییانە بەردەوام دەبین“.
رۆژی هەینی سوپا و پۆلیسی لوبنان لە ناوچەی کۆڕنیش لە بەیرووتی پایتەختی رووبەڕووی لایەنگرانی سەعد حەریری بوونەوە و توندوتیژییان بەکارهێنا.
دوای دەست لەکار کێشانەوەی سەعد حەریری لە سەرۆکایەتیی حکوومەتی لوبنان بەهۆی گوشاری خۆپیشاندەران، سەمیر خەتیبی خاوەن کار دیارترین کاندیدی سوننەکان بوو بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەت، بەڵام رۆژی یەکشەممە 8-12-2019، سوننەکان رێککەوتن لەسەر کاندیدکردنەوەی سەعد حەریری بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ، بەڵام حەریری لە رۆژی 19-12-2019، کشانەوەی خۆی لە کاندیدبوون بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەتی نوێی وڵاتەکەی، راگەیاند.
خۆپیشاندانەکانی لوبنان لە ئێوارەی رۆژی 17-10-2019ـەوە دەستیان پێ کردووە و تێیدا خۆپیشاندەران داوای چاکسازی و هەلوەشاندنەوەی حکوومەتی وڵاتەکەیان، دەکەن.
لوبنان وڵاتێکی عەرەبییە و کەوتووەتە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، لە هەرسێ پێکهاتەی عەرەبی سوننە، عەرەبی شیعە و مەسیحی پێک دێت و پۆستە سیادییەکان بەپێی عورفێک بەمشێوەیە یەکلا کراونەتەوە؛
- سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ پێکهاتەی مەسیحی
- سەرۆکایەتیی وەزیران بۆ پێکهاتەی سوننەمەزهەب
- سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ پێکهاتەی شیعەمەزهەب
بەهۆی ناکۆکیی سیاسیی و دەستوەردانی وڵاتانی دەرەکی، لە ساڵی 1975 تا 1990 شەڕی ناوخۆیی لەنێوان پێکهاتەکان دروست بوو و بووە هۆی کوژرانی 120 هەزار کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە ناوخۆی وڵاتەکە.
باسنيوز
