ئەمریکا: هێزەکانمان لە سوریا دەمێننەوە

ئەمریکا: هێزەکانمان لە سوریا دەمێننەوە
وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، هێزەکانی وڵاتەکەی لە سوریا دەمێننەوە، تا ئەوکاتەی شکستی تەواوەتی رێکخراوی داعش لەو ناوچەیە بەتەواوەتی مسۆگەر دەکەن.

مارک ئیسپەر، وەزیری بەرگری ئەمریکا شەوی رابردو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی ماوەی کۆتایی کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە سوریا رایگەیاند، "تۆپێکی جادویم پێ نیە تا بەهۆیەوە داهاتو ببینم، بەڵام لەو بڕوایەدام تا شکستی تەواوەتی رێکخراوی داعش لە سوریا هێزەکانمان لەو ناوچەیە دەمێننەوە".

نە ئێمەو نە هیچ وڵاتانی جیهانیش نایەوێت لەناو جەنگێکی بێکۆتایدا بمێنێتەوە لەگەڵ داعش یان هەر دوژمنێکی دیکەدا


پێشتر مارک میلی، فەرماندەی ئەرکانی هێزە هاوبەشەکانی ئەمریکا رایگەیاندبو، "نە ئێمەو نە هیچ وڵاتانی جیهانیش نایەوێت لەناو جەنگێکی بێکۆتایدا بمێنێتەوە لەگەڵ داعش یان هەر دوژمنێکی دیکەدا".

باسی لەوەشکردبو، مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکادا پەیوەندی بە بەرژەوەندی نیشتیمانی وڵاتەکە و هەڵسەنگاندنی چالاکییەکانی دوژمنەکانییەوە هەیە.

6ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ واشنتن دەستیکرد بە کشانەوەی هێزەکانی لە سنورەکانی نێوان سوریا و تورکیا


6ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ واشنتن دەستیکرد بە کشانەوەی هێزەکانی لە سنورەکانی نێوان سوریا و تورکیادا، هاوکاتیش بو لەگەڵ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکەی سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکان لە رۆژئاڤای کوردستان.

لەئێستادا نزیکەی 600 سەربازی ئەمریکی لە رۆژئاڤای کوردستان جێگیر کراون بۆ پاراستنی بیرە نەوتیەکانی ئەو ناوچانەو روبەڕوبونەوەی مەترسیەکانی دوبارە سەرهەڵدانەوەی داعش.



خەندان
Top