ئەندامانی کۆنگرێس لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنانی چەکی فسفۆڕی لەلایەن تورکیاوە دژی کورد دەکەن
ئەو ئەندامانە هەڵمەتێکیان بە سەرۆکایەتیی ئیلهان عومەر، یەکەم ژنە ئەندامی کۆنگرێس دەست پێکردووە و نامەیەکیشیان بۆ جێیمس جێفری، نێردەی تایبەتیی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، ناردووە.
لە نامەکەدا، ئەندامانی کۆنگرێس داوا لە جێیمس جێفری دەکەن، راستیی بەکارهێنانی چەکی فسفۆڕی لەلایەن سوپای تورکیاوە لە دژی هاووڵاتییانی مەدەنیی رۆژئاوای کوردستان، ئاشکرا بکەن.
ئەو ئەندامانەی کۆنگرێسی ئەمریکا پێیان وایە بەکارهێنانی چەکی فسفۆڕی دەچێتە خانەی تاوانە جەنگییەکان و تاوانە دژە مرۆڤایەتییەکان.
لە هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، جۆرە چەکێکی سووتێنەر دژی هاووڵاتییانی مەدەنیی کورد بەکارهێندرا و بووە هۆی برینداربوونی ژمارەیەک هاووڵاتی.
رۆژی 9-10-2019، بە سەرپەرشتیی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هێرشی زەمینی و ئاسمانیی سوپای تورکیا و گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەستی پێکرد و دەستیان بەسەر بەشێکی رۆژئاوای کوردستاندا گرت.
باسنيوز
