وادەی دروستکردنی حزبە نوێیەکە ئاشکرا دەکرێت، کە عەلی باباجان سەرۆکایەتی دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 19-12-2019، رۆژنامەی (جومهورییەت)ی تورکی لە راپۆرتێکدا، بڵاوی کردووەتەوە، کە رۆژی 31-12-2019، وادەی دروستکردنی حزبە نوێیەکە ئاشکرا دەکرێت، کە عەلی باباجان سەرۆکایەتی دەکات.
هەروەک رۆژنامەکە بڵاوی کردووەتەوە، کە دروستکردنی حزبەکە لە ناوەڕاستی مانگی 1ـی ساڵی 2020 دەبێت، بەڵام تا ئێستا رۆژەکە و ناوی حزبە نوێیەکە، ئاشکرا نەکراوە.
رۆژنامەکە لێدوانێکی عەلی باباجانی بڵاو کردووەتەوە، کە رایگەیاندبوو، بۆ ئەوەی خەڵک وانەزانێ ئەو دوو حزبەی لەم دواییە دروستبوون و دەبن، رکابەری سیاسیی یەکترن، بڕیاری داوە دروستکردنی حزبەکەی بخاتە ساڵی داهاتوو.
پێشتر لە رۆژی 13-12-2019، ئەحمەد داودئۆغڵو حزبێکی نوێی وەک رکابەری سەرەکیی رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرکۆمار و ئاکەپەی دەسەڵاتداری تورکیا، بە ناوی پارتی (ئایندە)، راگەیاند.
عەلی باباجان و ئەحمەد داودئۆغڵو سەرکردەی باڵای ئاکەپە بوون و چەندین بەرپرسیارێتیی باڵاشیان لە حکوومەتی تورکیا وەرگرتووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی سیاسەتەکانی رەجەب تەییب ئەردۆغان بۆ دەستبەسەردارگرتنی هەموو جومگەکانی حزب و وڵات، وەک ئەوان دەیڵێن، لە ئاکەپە جیابوونەوە.
باسنيوز
