ئەمریکا بەهۆی پەیوەندیی بە ئێرانەوە کەسێک و سێ کۆمپانیا سزا دەدات
وزەارەتی دادی ئەمریکا بەهۆی پەیوەندییان بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، سزا بەسەر کەسێک و سێ کۆمپانیادا دەسەپێنێت.
سنارکۆ کۆنتجۆرۆ (تەمەن 68 ساڵ)، هاووڵاتییەکی ئیندۆنیسییە و لەلایەن وەزارەتی دادی ئەمریکا بە ناردنی کەلوپەلی ئەمریکی بۆ ئێران و پەیوەندیی لەگەڵ کۆمپانیای فڕۆکەوانیی (ماهان ئێیر)ی ئێرانی، سەرەڕای گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئەو وڵاتە، تۆمەتبار کراوە.
جگە لەو کەسە، هەر سێ کۆمپانیای (PTSM، PTAK و PTKEU)ی ئیندۆیسی بە هەمان تۆمەت، خراونەتە ناو لیستی سزاکانی ئەمریکا.
پێشتر ئەمریکا کۆمپانیای ماهان ئێیری بە تۆمەتی هاوکاریکردنی سوپای پاسداران، کە خراوەتە ناو لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکان، خستبووە ناو لیستی سزاکان.
لە ئەگەری رەزامەندیی کۆنگرێسی ئەمریکا لەسەر سزاکان، سزای 25 ساڵ زیندانیکردن و پێبژاردنی بڕی ملیۆنێک و 250 هەزار دۆلار، بەسەر سنارکۆ کۆنتجۆرۆدا دەسەپێندرێت.
دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران، دۆناڵد ترەمپیش هەڕەشەی لە هەموو ئەو وڵات و لایەنانە کرد، کە یان دەبێ بچنە بەرەی ئێران یاخود پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن بەسەر ئێران و خۆیان لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو وڵاتە بپارێزن.
شەوی 8/5/2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.
رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.
وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.
باسنيوز
