ئەردۆغان و پوتین تاوتوێی بارودۆخی سووریا و لیبیایان کرد

ئەردۆغان و پوتین تاوتوێی بارودۆخی سووریا و لیبیایان کرد
سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی رووسیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا باسیان لە دۆخی سووریا و لیبیا کرد. لەم هەفتەیەشدا تورکیا و لیبیا رێککەوتننامەی هاوئاهەنگیی سەربازییان نوێکردەوە.

سەرۆکایەتیی پەیوەندییەکانی کۆماری تورکیا بڵاویکردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی رووسیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا قسەیانکردووە.

لەم پەیوەندییەدا ئەردۆغان و پوتین چەند بابەتێکیان خستووەتە بەرباس و بەتایبەتیش دۆخی سووریا و لیبیایان تاوتوێکردووە.

ئەم پەیوەندییە لەکاتێکدایە کە ئەردۆغان لە گوتارێکیدا لە جنێڤ ئاماژەی بەوە کرد، تورکیا گوشاری زۆری بەهۆی پەنابەران و کۆچبەرانەوە لەسەرە.

لەو گوتارەدا ئەردۆغان گوتیشی، ناکرێت بەرپرسارێتیی دۆخی سووریا تەنیا لەسەر چەند وڵاتێک بێت. هاوکات رەخنەی لە وڵاتان گرت بەوەی تاوەکو ئێستا هیچکامێکیان ئامادەنین پشتیوانیی تورکیا بکەن لە جێبەجێکردنی پلانەکانی لەسەر ناوچەی ئارام.

لەبارەی لیبیاشەوە سەرۆککۆماری تورکیا پێشتر چەند جارێک ئامادەباشیی وڵاتەکەی بۆ ناردنی سەرباز نیشاندا. لەم هەفتەیەشدا تورکیا و لیبیا رێککەوتننامەی هاوئاهەنگیی سەربازییان نوێکردەوە
Top