لایەنگرانی حزبوڵڵا ئاگر لە خێمەکانی خۆپیشاندەران بەردەدەن

 لایەنگرانی حزبوڵڵا ئاگر لە خێمەکانی خۆپیشاندەران بەردەدەن


لایەنگرانی میلیشیای حزبوڵڵا و بزووتنەوەی ئەمەل، کە دوو لایەنی شیعیی لوبنانین، ئاگر لە خێمەی مانگرتووان و خۆپیشاندەرانی بەیرووتی پایتەخت، بەردەدەن.

شەوی یەکشەممە 15-12-2019، نزیکەی 500 لایەنگری حزبوڵڵا و بزووتنەوەی ئەمەلهەڵیان کوتایە سەر مانگرتووانی ناوەڕاستی بەیرووت و خێمەکانیان سووتاندن.

بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، هێزی رووبەڕووبوونەوەی گێرەشێوێنیی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی لوبنان هەوڵیان داوە مانگتووان و لایەنگرانی ئەو دوو میلیشیا و حزبە شیعییە لە یەک دوور بخەنەوە.

پێشتریش لە شەوی شەممە، لایەنگرانی حزبوڵڵا و بزووتنەوەی ئەمەل، کە دژایەتیی خۆپیشاندەران دەکەن، هەڵیان کوتایە سەر خۆپیشاندەرانی بەیرووت و بەهۆیەوە نزیکەی 100 خۆپیشاندەر و کارمەندی ئەمنی، بریندار بوون.

خۆپیشاندانەکانی لوبنان لە ئێوارەی رۆژی 17-10-2019ـەوە دەستیان پێ کردووە و تێیدا خۆپیشاندەران داوای چاکسازی و هەلوەشاندنەوەی حکوومەتی وڵاتەکەیان، دەکەن.

لوبنان وڵاتێکی عەرەبییە و کەوتووەتە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، لە هەرسێ پێکهاتەی عەرەبی سوننە، عەرەبی شیعە و مەسیحی پێک دێت و پۆستە سیادییەکان بەپێی عورفێک بەمشێوەیە یەکلا کراونەتەوە؛

- سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ پێکهاتەی مەسیحی

- سەرۆکایەتیی وەزیران بۆ پێکهاتەی سوننەمەزهەب

- سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ پێکهاتەی شیعەمەزهەب

بەهۆی ناکۆکیی سیاسیی و دەستوەردانی وڵاتانی دەرەکی، لە ساڵی 1975 تا 1990 شەڕی ناوخۆیی لەنێوان پێکهاتەکان دروست بوو و بووە هۆی کوژرانی 120 هەزار کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە ناوخۆی وڵاتەکە.






باسنیوز
Top