لێبوردنی نێودەوڵەتی: 304 خۆپیشاندەری ئێرانی کوژران و بریندار بوون
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئامارێک لەبارەی ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بڵاو دەکاتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 16-12-2019، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێکدا، رایگەیاندووە، دەسەڵاتدارانی ئێران دەستیان بە هەڵمەتی ”سەرکوتکردن“ی خۆپیشاندەران کردووە، بۆ ئەوەی خەڵک بترسێنن تا جارێکی دیکە بەشداریی خۆپیشاندانەکان نەکەن.
رێکخراوەکە هەروەها رایگەیاندووە، لەو خۆپیشاندانانەدا، هێزە ئەمنییەکانی ئێران لانی کەم 304 خۆپیشاندەریان کوشتووە و بریندار کردووە.
لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکا کردووە دانیشتنێکی تایبەت بە بارودۆخی خۆپیشاندەرانی ئێران ساز بکات و لێکۆڵینەوە لە کوشتنی خۆپیشاندەران، بکات.
خۆپیشاندانی هاووڵاتییانی ئێران دژی گرانکردنی نرخی سووتەمەنی لە شەوی هەینی 15-11-2019ـەوە لە شارەکانی تارانی پایتەخت، مەشهەد، ئابادان، شیراز، ئەهواز، بێهبەهان، سیرجان، خوڕەمشەهر و موحەممەرە دەستی پێ کرد و چەند رۆژێک بەردەوام بوون.
باسنیوز
