گەشتی قوڵینگەکان ساڵانە ملیۆنان دۆلار زیان لە ئیسرائیل دەدات

گەشتی قوڵینگەکان ساڵانە ملیۆنان دۆلار زیان لە ئیسرائیل دەدات
لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان، قوڵینگەکان بەهۆی سەرماوسۆڵەوە ناتوانن لە ئەوروپا بمێننەوە، بۆیە بەرەوە ئەو ناوچانەی ئەفریقا کۆچدەکەن کە گەرم و گونجاون. لە رێگەکەیاندا لە ئیسرائیل بۆ خواردنی ماسی دەمێننەوە و ئەوەش ساڵانە ملیۆنان دۆلار زیان بە سەرچاوەی ماسیی ئەو وڵاتە دەگەیێنێت.

چەندین دەیەیە قوڵینگەکان لەکاتی کۆچکردنیان ماوەی چەند هەفتەیەک لە کەناراوەکانی ئیسرائیل پشوودەدەن و وزە و خواردنی گەشتی هەزاران کیلۆمەتر لەو کەناراوانە بەدەستدەهێنن. تاکە خواردنی ئەو باڵندانە لەو کاتەدا ماسییە. لە ماوەی چەند رۆژی پشووی قوڵینگەکاندا سەدان هەزار تۆن ماسی لە کەناراوەکانی ئیسرائیل راودەکەن و بەمەش زیانێکی لە رادەبەدەر بەر سامانی ماسیی ئەو وڵاتە دەکەوێت.

نیتزان نادان، بەڕێوەبەری سامانی ماسیی گیلب ئاماژە بەوە دەکات "لە دەوروبەری مانگەکانی ئەیلوول یان تشرینی یەکەم، ئێمە بەهۆی قوڵینگەکانەوە زیانێکی زۆرمان پێدەگات، چونکە ئەو وەرزە ئەو کاتەیە کە ئـێمە پەنجە ماسی لە حەوزەکان دادەنیێن".

ئێلی شەریر، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەی ماسیی ئیسرائیل رایدەگەیەنێت "ئێمە باسی زیانی ملیۆنان دۆلار دەکەین لە ساڵێکدا. هەر قوڵینگێک بە لایەنی کەمەوە رۆژانە کیلۆگرامێک ماسی دەخوات بۆئەوەی وزەی پێویست بۆ تەواوی گەشتەکەی دابینبکات".

حکومەتی ئیسرائیل لە ماوەی ساڵانی رابردوودا هەم بۆ پاراستنی ژیانی ئەو باڵندانە لە کوشتن و هەم بۆ پاراستنی سامانی ماسی، چەند کێڵگەیەکی ماسیی دروستکردووە بۆئەوەی کاتێک ئەو باڵندانە دێن، لەو کێڵگانە خواردن بەدەستبهێنن.

د. ئەمیت دۆلێڤ، بەرپرسی ژینگەپارێزیی ئیسرائیل دەڵێت "ئیسرائیل لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە زۆربەی بوارەکان و بەتایبەتیش پاراستنی باڵندەکان، وڵاتێکە بووەتە دوورگەیەک بۆ پاراستنی سرووشت. بۆیە هەموو یاساکانی ژینگە لە ئیسرائیل جەخت لە پاراستنی ئەو جۆرە باڵندەیە و جۆرەکانی دیکەی گیانلەبەران دەکەنەوە کە بەدڵنیاییەوە زۆر زیاتر لە وڵاتانی دراوسێ گرنگییان پێدەدەین".

دوای ئەوەی قوڵینگەکان بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک لە کەنارەوەکانی ئیسرائیل دەمێننەوە، دواتر بە کۆمەڵ دەست بە گەشتەکەیان بەرەو ئەفریقا دەکەنەوە و گەشتەکەشیان دەیان رۆژ دەخایێنێت.
Top