ئەمریکا: لەوانەیە لەم 20 رۆژەدا زیاتر لە هەزار کەس لە ئێران کوژرابن

ئەمریکا: لەوانەیە لەم 20 رۆژەدا زیاتر لە هەزار کەس لە ئێران کوژرابن
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، دەکرێت ژمارەی ئەو کەسانەی لە ناوەڕاستی مانگی رابردووەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کوژرابن گەیشتبێتە زیاتر لە هەزار کەس.

برایان هووک، بەرپرسی کاروباری ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا ئاماژەی بەوە کرد "لەو کاتەوەی خۆپێشاندانەکان لە ناوەڕاستی مانگی رابردووەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستیانپێکردووە، وادیارە حکومەتی ئێران زیاتر لە "هەزار هاووڵاتیی ئێرانی"ـی کووشتووە".

برایان هووک گوتیشی "لە ماوەی 20 رۆژی رابردوودا هەزاران کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران برینداربوون و بەلایەنی کەمەوە حەوت هەزار کەس دەستگیرکراون".

خۆپێشاندانەکانی ئێران لە 15ی تشرینی دووەم دەستیانپێکرد، ئەوەش دوای ئەوەی حکومەت بڕیاریدا نرخی بەنزین زیادبکات.

خۆپێشاندان زیاتر لە 100 شاری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی گرتەوە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان بە زەبری هێز کۆتاییان بە ناڕەزایەتییەکان هێنا.
Top