هەسەدە و سوپای ئەمریکا ئۆپەراسیۆنەکانیان دژی داعش دەستپێکردەوە
بەگوتەی بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا، رۆژی هەینی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە بە پشتیوانی سوپای ئەمریکا لە چەند ناوچەیەکی پارێزگای دێرەزوور، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەیان ئەنجامداوە و لەو ئۆپەراسیۆنەشدا ژمارەیەک چەکداری داعش کوژراون و برینداربوون و زیاتر لە 10 چەکداریشیان دەستگیرکراون.
رۆژی شەممەی رابردووش ژەنەڕەڵ کێنت مەکێنزی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا لە پەراوێزی کۆنفرانسی گفتوگۆی ئاسایشی مەنامە لە بەحرەین رایگەیاند، ''لە چەند رۆژ و هەفتەکانی داهاتوودا، ئۆپەراسیۆنەکانیان دژی پاشماوەکانی داعش زیاتر دەکەن".
ژەنەڕاڵ مەکێنزی راشیگەیاندووە، لەدوای بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا، سوپای ئەمریکا و هێزە کوردییەکان چەند ئۆپەراسیۆنێکی کەمیان لەدژی داعش لە ناوچەکە ئەنجامداوە، بەڵام لەم دواییەدا ئۆپەراسیۆنەکانیان زیاتر کردووە و رەنگە ئۆپەراسیۆنێکی گەورەتریش لەدژی داعش دەستپێبکەنەوە.
سوپای ئەمریکا بە هاوکاری هێزەکانی سووریای دیموکرات، کە کورد سەرکردایەتی ئەم هێزە دەکات، ئۆپەراسیۆنەکانی لە دژی داعش ئەنجامدەدات و هاوکات واشنتن ئەم هێزە وەک هاوبەشێکی گرنگ دەبینێت لەشەڕی دژ بە داعش، بەڵام هەڵوێستی تورکیا بەرامبەر بەم هێزە، چەندین جار تەگەرەی خستووەتە نێو هاوئاهەنگییەکانی نێوان سوپای ئەمریکا و هێزەکانی سووریای دیموکرات لە رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا.
