تورکیا بنکەیەکی سەربازی نوێ لە قەتەر دەکاتەوە

تورکیا بنکەیەکی سەربازی نوێ لە قەتەر دەکاتەوە
ئەمڕۆ سەرۆککۆماری تورکیا لە دۆحەی پایتەختی قەتەر چەند رێککەوتنی لەگەڵ ئەو وڵاتە واژۆکرد، لە گوتەیەکیشیدا بۆ سەربازانی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، بنکەیەکی سەربازی نوێی وڵاتەکەی لە قەتەر تەواو بووە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەدوای کۆبوونەوەکان ئاماژەی بەوە کرد، "کۆبوونەوەی سەرکەوتوو و بەرهەمدارمان لەگەڵ هاوتاکانمان ئەنجامدا و خواستی خۆمان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانمان بە رێگەیەکی ستراتیژی دووپاتکردەوە".

هەر لەکاتی سەردانەکەی، سەرۆککۆماری تورکیا قسەی بۆ سەربازانی تورکیا لەو وڵاتە کرد و رایگەیاند، "لەکاتی کێشەکانی وڵاتانی کەنداو، سەربازانی تورکیا ئاشتی و ئاسایشیان بۆ خەڵکی قەتەر دابینکردووە".

ئەردۆغان هێزە هاوبەشەکانی تورکیا و قەتەری بە سیمبولی هاوڕێیەتی و هاوخەمی ناوبرد و راشیگەیاند "ئامادەبوونی ئێوە لێرە خزمەت بە سەقامگیری و ئاشتی کەنداو دەکات و پێویست ناکات هیچ کەس بێزار بێت بە ئامادەبوونی ئێوە لەم ناوچە جوگرافییە".

سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بە تەواوبوونی بنکەیەکی سەربازی نوێ لە قەتەر کرد و رایگەیاند، ناوی ئەو بنکە نوێیە دەنێن، خالید بن وەلید، سەرکردەی دیاری موسڵمانان.

هەر لە سەردانەکەیدا رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبوونەوەیەکی دوو قۆڵی لەگەڵ محەممەد بن عەبدولڕەحمان، وەزیری دەرەوەی قەتەر ئەنجامدا و دوای کۆبوونەوەکەش حەوت رێککەوتن لەنێوان ئەو دوو وڵاتە واژۆکران.

رێککەوتنەکانیش لەبوارەکانی، ئابووری، شارستانی، بازرگانی، پیشەسازی، تەکنەلۆژیادا بوون.
Top