شارەوانیی ئیستەنبۆڵ 28 ملیار لیرەی تورکی قەرزارە
ئیستەنبۆڵ جگە لەوەی شارێكی گەشتیارییە، لە هەمانكاتدا پیشەسازیشە و٦٠٪ی بودجەی گشتیی توركیا پێك دەهێنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا شارەوانییەكەی پارەیەكی زۆر قەرزارە و پێویستیشە ئەو قەرزە بدرێتەوە.
ئەكرەم ئیمامئۆغلو سەرۆكی شارەوانی ئیستەنبۆڵ، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد،. شارەوانی ئیستەنبۆڵ ٢٨ ملیار لیرەی توركی قەرزارە، پێویستیشە ئەو قەرزە بدرێتەوە.
ئیمامئۆغلو ئاماژەی بەوە داوە، كە بەشێكی ئەو قەرزانە دەبێت لە ماوەیەكی كەمدا بدرێتەوە، بەڵام بەشێكیتری قەرزی درێژە.
سەرۆكی شارەوانیی ئیستەنبۆڵ، هەموو ئەو قەرزانەی خستە ئەستۆی سەرۆكی شارەوانیی پێشووی ئیستەنبۆڵ كە لەسەر لیستی ئاكەپە بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت ئێمە لە كاركردن ناوەستین و بەردەوام خزمەتی زیاتری شارەكەمان دەكەین.
جگە لە ئیستەنبۆڵ، زۆربەی ئەو شارەوانییانەی كەوتووەتە دەستی ئۆپۆزسیۆنی توركیا، بە ملیارات لیرەی توركی قەرزی بۆ ماوەتەوە، بۆیە بەشێكی ئەو سەرۆك شارەوانییانە دەڵێن تا ماوەیەكی زۆر ناتوانین هیچ كارێك بكەین و دەبێ هەر قەرزی شارەوانی بدەینەوە.
باسنیوز
