کاردانەوەی خەڵکی تاران لەبارەی سووتاندنی بانک و بەنزینخانەکان
بەشێک لە دانیشتووانی تاران پێیانوایە لەئەنجامدا دەبێت خەڵک خۆیان باجی ئەو باڵەخانانە بدەن کە لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا دەسوتێن و خاپوور دەکرێن. دانیشتوویەکی تاران دەڵێت "ئەم شێوازەی خۆپیشاندان 100% هەڵەیە، ئەمە زیان بە سامانی وڵات دەگەیێنێت، زیان بە موڵکی گشتی و موڵکی ئێمە بەتایبەتی دەگەیەنێت و پارە لە گیرفانی خەڵک دەڕوات".
بەگوێرەی ئامارەکان کە میدیای ئێرانی بڵاویکردووەتەوە، تاوەکو ئێستا 100 بانک سوتێندراون، سەرچاوەی دیکەش دەڵێن، نزیکەی 30 کەس گیانیان لەدەستداوە.
بەنزینخانەکان ئامانجی دووەمی خۆپیشاندانەکان بوونە، سوتێندران و بەدار وئاسن تێکشێندراون. دەسەڵاتدارانی ئێرانیش رێگەی بە کۆمەڵە میدیایەکی جیهانی داوە گرتەی ڤیدیۆی ئەو شوێنانە بگرن و بڵێن ئەمە زیانی خۆپیشاندانەکانن.
دانیشتوویەکی دیکەی تاران دەڵێت "ئەمانە بە بەرد و دار هاتن و هەموو ئەو کامێرانەیان تێکدان و گڕیان تێبەردان. لە تێڕوانینی من، ئەمانە مرۆڤ نین گێرەشێوێنن، کەسی عاقڵ هەرگیز ئەم کارە ناکات".
گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و زیادکردنی نرخی سووتەمەنی لەلایەن ئێران کاریگەری گەورەیان کردووەتە سەر گیرفانی خەڵک. توڕەیی و بەرگەنەگرتنی خەڵک لەبەرامبەر ئەو گوشارانە خۆپیشاندانی توندی لێکەوتەوە کە لە رۆژی هەینیەوە شار و شارۆچکەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی گرتووەتەوە.
خۆپیشاندانەکان بێ کوژرا و بریندار نین و رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە راگەیێندراوێکدا رایدەگەیێنێت، بەپێی بەدواداچوونەکانیان لە شەوی هەینییەوە لە 21 شاری ئێران لانیکەم 106 کەس کوژران.
