چاوشئۆغڵو ئاماژە بە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان دەکات
لەمیانی پێشکێشکردنی راپۆرتی بوودجەی وەزارەتی دەرەوە و دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەتەکەی، مەولوود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لە دوایین پێشھاتەکانی ناوچەکە کرد و لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان جەختیکردەوە کە ئەمساڵ هەنگاوی باش نراون.
سەبارەت بە گرنگیدانی تورکیا بۆ ھێنانەدی ئاشتی و سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوەی عێراق، چاوشئۆغڵو دەڵێت "ھەوڵەکانمان بەردەوامن بۆ کردنەوەی کۆنسوڵخانە لە کەرکووک و نەجەف تاوەکو ژیانێکی باشتر و ئارامتر بۆ تورکمانەکان لە عێراق و کوردستان دابین بکەن".
چاوشئۆغڵو قسەی لەسەر چەند پرسێکی دیکە کرد لەوانە: لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ئێران کە دژی بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین لەو وڵاتە سەریھەڵداوە، رایگەیاند "ھیوادارین ھەرچی زووە رووداوەکانی ئێران کۆتایی بێت و ئەو وڵاتە بە ئارامی شاد ببێتەوە".
هاوکات وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختی لەسەر چڕکردنەوەی ھەوڵەکانی وڵاتەکەی بۆ کۆتاییھێنان بە کێشەکانی ناوخۆی سووریا بە رێگەچارەی سیاسی کردەوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بە ھەوڵە بەردەوامەکانیشیاندا بۆئەوەی تورکمانەکانی عێراق لە ئاسوودەیی و ئارامیدا بژین و ئەوەی خستە روو لە نزیکەوە چاودێری دیاریکردنی رەوشی تورکمانەکانی کەرکووک دەکەن.
ئەمە لەکاتێکدایە لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ لە رۆژی چوارشەممەی رابردوو، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، ئەوان کێشەیان لەگەڵ کورد نییە، بەڵکو کێشەیان لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە هەیە کە "رێکخراوێکی تیرۆریستین".
