زاواکانی ترەمپ و ئەردۆغان هەڵسوڕێنەری بازرگانی نێوان واشنتن و ئەنقەرەن
هەندێ فاکتەر کە لەپشت پەردەکان روودەدەن بەرچاوڕوونی باش دەدەن لەسەر ئەوەی بۆچی سەرەڕای ئەو گرژییانەی دەکەونە نێوان ئەمریکاو تورکیا، دوو وڵاتەکە لە کارە هاوبەشەکانیان بەردەوامن و لەزۆربەی گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازی و بازرگانی و دیپلۆماتییەکان پاڵشتی یەکترن؟
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی ئەو فاکتەرە ئاشکرادەکات کە هۆکاری ئەو پەیوەندییە بەهێزەی نێوان تورکیا و ئەمریکایە. ئەوانیش زاواکانی ترەمپ و ئەردۆغان، جارید کوشنەر و بەرات ئەلبەیراک.
ئەلبەیراک، وەزیری دارایی تورکیا و زاوای ئەردۆغان چاودێری پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا دەکات، بووەتە هاوبەشی بازرگانی رێکخراوی ترەمپ، لەڕێگەی ئیدارەکەی ترەمپیشەوە پاڵپشتی و بانگەشەیەکی گەورە بۆ تورکیا کۆدەکاتەوە.
لەولاوە جارید کوشنەر، زاواکەی ترەمپ کە هاوکات راوێژکاری باڵای خەزووریەتی، رۆڵێکی کاریگەری لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا هەیە.
ئێستا هەردوو زاواکە کەناڵێکی نافەرمی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان لەنێوان ترەمپ و ئەردۆغان دروستکردووە و هەرچەندە تورکیا پێچەوانەی مۆڵەتی ئەمریکا هێرشی کردە سەر هەسەدە، بەڵام ئەم چەناڵە سەردانێکی فەرمی ئەردۆغانی بۆ تورکیا رێکخست.
نیویۆرک تایمز دەڵێت، چەناڵەکە هەردوو زاواکان و ئەردۆغانیش لەخۆ دەگرێت، ترەمپ لەسەر ئەو لایەنگرییەی بۆ تورکیا کەوتووەتە بەر شەپۆلێک لە رەخنە و تێبینی لەلایەن هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتەکان لە کۆنگرێسدا.
ئەمساڵ ئەردۆغان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا پێشبینی ئەوەی کرد ئەو دیالۆگە نهێنییەی نێوان ئەلبەیراکی زاوای و جارید کوشنەری زاوای ترەمپ ئەنجامدەدرێت، بەمزوانە پەیوەندی پڕ لە گرژی نێوان ئەنقەرە و واشنتن دەخاتەوە سەر رێچکەی خۆی.
ئەلبەیراک دوای ئەوە پەیوەندییە شەخسییەکەی لەگەڵ کوشنەر بە "دیپلۆماسی پشت دەرگا" ناوبرد.
ترەمپ دوو جار کۆنگرێسمانەکانی بە کۆمارییەکانیشەوە توشی شۆک کرد کاتێک دوای پەیوەندیێکی تەلەفۆنی بڕیاری کشاندنەوەی هێزەکانی لە سووریادا و گڵۆپی سەوزیشی بۆ تورکیا هەڵکرد هێرشبکاتە سەر هەسەدە.
لەهەمانکاتدا ترەمپ ئەو سزا قورسانەشی لەسەر تورکیا هەڵگرت کە بە یاسایی بەسەر وڵاتەکەدا سەپێندرابوون لەبەرامبەر جێگیرکردنی سیستەمی مووشەکی رووسی.
ئیدارەی ترەمپ بە هەموو شێوەیەک خۆی لە سزادانی بانکی فەرمی تورکیا بەدوورخستووە، سەرەڕای ئەوەی بانکەکە پەیڕەوی سزاکانی ئەمریکای بۆسەر ئێران نەکردووە.
لەمانگی نیسان، ئەلبەیراک بەسەردانێک گەیشتە واشنتن لە هۆتێلی نێودەوڵەتی ترەمپ کۆنفرانسێکیان ئەنجامدا، لەنێو کۆنفرانسەکە زاوای ترەمپ ئەلبەیراکی بانگهێشتی ئۆفیسی پێشوازی کۆشکی سپی کرد، لەوێ زاواکەی ترەمپ سەرکەوتووانە سزاکانی ئەمریکای بۆ سەر تورکیا لەبەرامبەر کڕینی سیستەمی مووشەکی لە رووسیا وەستاند.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز، ئەردۆغان و ترەمپ بە نهێنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بۆ کاری سیاسی و بازرگانی بەکاردەهێنن، چونکە ترسیان هەیە ئەگەر بەئاشکرا ئەنجامبدرێت، دامودەزگاکانی خۆیان دژیان بوەستنەوە.
پەیوەندی کۆمەڵایەتی نێوان ئەردۆغان و ترەمپ بۆ زیاتر لە 10 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە کاتێک بەنێوەنگیری مەهمەت عەلی یاڵچینداغ، زاوای ملیاردێری تورکی ئایدن دۆغان پرۆژەی دروستکردنی هۆتێلی ترەمپ لە ئیستەنبوڵ لەلایەن ترەمپ پەسەندکراو لە 2012 هۆتێلەکە کرایەوە.
وەکو مۆڵەتی کردنەوەی ترەمپ تاوەرس، ساڵی یەکەم تورکیا 5 بۆ 10 ملیۆن دۆلاری دایە ئەمریکا بۆ، بۆ ساڵانی داهاتوو بۆ هەرساڵێک رێکخراوی ترەمپ 100 هەزار دۆلار بۆ یەک ملیۆنی دەستدەکەوت.
ئەردۆغان سەرەڕای چەندین هۆشداری لەلایەن ترەمپەوە هێرشی سەر هەسەدەی ئەنجامدا و ترەمپ پەیمانی سەپاندنی سزای قورسی بەسەر تورکیا دا، بەڵام سەپاندنی سزا لەبەرامبەر هێرشی سەر باکووری سووریا هەرگیز نەچووە بواری جێبەجێکردنەوە.
