ئۆپۆزسیۆنی توركیا دژی چوونی ئەردۆغانن بۆ ئەمریكا

ئۆپۆزسیۆنی توركیا دژی چوونی ئەردۆغانن بۆ ئەمریكا
كەمال كلیچدارئۆغلو، سەرۆكی جەهەپە كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، دژی چوونی رەجەب تەییب ئەردۆغانە بۆ ئەمریكا و دەڵێت ئەردۆغان بەرژەوەندیی توركیا ناپارێزێت و ناشیەوێت سیاسەتی دەرەوەی توركیا ئاشتی بە خۆیەوە ببینێت.

ئەمڕۆ١١ی١١ی٢٠١٩، كەمال كلیچدارئۆغلوو، دیمانەیەكی لەگەڵ رۆژنامەی (سۆزجو)ی توركیدا كردوە و هێرشی توندی كردووەتەوە سەر ئەردۆغان.

كلیچدارئۆغلو دەڵێت: "دۆنالد ترەمپ نامەیەكی لەڕێگەی باڵیۆزی ئەمریكا لە توركیا بۆ ئەردۆغان نارد و سووكایەتییەكی زۆری بۆ ئەردۆغان و گەلی توركیا تێدا بوو". ئەردۆغان دەچێتە ئەمریكا تا ئەو نامەیە بداتەوە بە ترەمپ، بەڵام دەبوایە ئەردۆغان وەكوو ترەمپ نامەكەی لەڕێگەی باڵیۆزی توركیا لە ئەمریكا بگەڕاندایەتەوە بۆ دۆناڵد ترەمپ“.

كلیچدارئۆغلو پێی وایە ئەردۆغان دەیەوێت بە ترەمپ بڵێت گەلی ئەمریكا لە گەلی توركیا لە پێشترە و سەرۆكی ئەمریكا لە سەرۆكی توركیا لە پێشترە، بۆیە بۆ خۆی بە دەستی خۆی نامەی پێ دەدات.

لە بەشێكی تری قسەكانیدا دژی چوونی ئەردۆغان بۆ ئەمریكا بۆچوونی دەربڕیوە و دەڵێت نامەكەی ترەمپ بۆ ئەرۆدغان كە پێی گوتبوو "گەمژە مەبە و شەڕ رابوەستێنە“ سووكایەتی بوو بە گەلی توركیا، بۆیە دەبوا ئەردۆغان وەكوو كاردانەوەیەك نەچووبایە بۆ ئەمریكا.

بڕیارە ڕێکەوتی 2019.11.14 ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بە بانگ‌ێشتی فەرمی سەردانی واشنتۆن بکات و لەگەڵ دۆنالد ترەمپ سەرۆکی ئەرمیکا کۆ ببێتەوە.












باسنيوز
Top