500 سەربازی ئەمریکی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دەمێننەوە

500 سەربازی ئەمریکی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دەمێننەوە
ئەمریکا نزیکەی 500 سەرباز لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دەهێڵێتەوە.

ژەنەراڵ مارک میڵی، سوپاسالاری ئەمریکا رۆژی یەکشەممە لە هەڤپەیڤینێکیدا رایگەیاند، "کەمتر لە هەزار سەرباز لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەمێننەوە"، گوتیشی "لەوانەیە نزیکەی 500 سەربازبن".

مارک میڵی راشیگەیاند، هێشتا چەکدارانی داعش لە ناوچەکەدا هەن، سەرباری ئەوەی گوشارەکانی سەریان بەردەوامن و گوتیشی، سەرنجەکان لەسەر ئەو رێکخراوە لانەچوون، بەڵام هێشتا ئەگەری دووبارە بەهێزبوونەوەی رێکخراوەکە لە ناوچەکەدا هەیە.

سەبارەت بە جێگرەوەی ئەبوبەکر بەغدادیش، مارک میڵی گوتی، زانیاری زۆریان لەبارەی ئیبراهیم هاشمی ئەلقورەشی، خەلیفەی نوێی داعش هەیە و گوتیشی ''هەرکاتێک دەرفەت هاتە پێشەوە، دەیکەینە ئامانج."

گوتەکانی سوپاسالاری ئەمریکا بۆ هێشتنەوەی نزیکەی 500 سەرباز لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لەکاتێکدان، مانگی رابردوو بەرپرسانی باڵای ئەمریکا رایانگەیاند، هێزەکانیان لە سووریا دەکشێننەوە.
Top