بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر: پێویستە لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنانی چەکی قەدەخەکراو لەلایەن تورکیاوە بکرێت
دەستەکە بەپێویستی دەزانن لیژنەکە بێلایەنانە کارەکانی بکات و پێشلکارییەکانی تورکیا بخاتەڕوو. بە پێویستیشی دەزانن سەرجەم رێکخراوە تایبەتمەندەکان لە سەرووی هەمووشیانەوە رێکخراوی قەدەخەی چەکی کیمیایی بەکاری خۆیان هەستن و کار بۆ دەرخستنی راستییەکان بکەن بەپشتبەستن بەو بەڵگەو سەمپڵانەی لای بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر هەن.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 6-11-2019 دەستەی تەندروستی و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیان لەبارەی ئەو چەکە قەدەخەکراوانە ئەنجامدا کە لەلایەن تورکیاوە لە هێرش بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بەکاریهێناوە، لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا عەبدولکەریم عومەر، بەپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر راگەیێندراوێکی بۆ رای گشتی خوێندەوە و رایگەیاند: "دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە بەرامبەر پێکهاتەکانی باکوور و رۆهەڵاتی سووریا و پێشێلکاری گرووپە تیرۆریستیە بەکرێگیراوەکان لەڕووی یاساییەوە پێویستە دەستگیر بکرێن و دادگایی بکرێن، ئەو دەستدرێژییانە پێشێلکاریەکی زەقە بەرامبەر بە یاسا و پەیماننامە و رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان".
بە گوتەی عەبدولکەریم عومەر "لە 9ی تشرینی یەکەمەوە تاوەکو ئەمڕۆش ئەوەی لە ناوچەکانی سەرێ کانی و گرێ سپی روویداوە، تاوەکو ئێستا تورکیا و بەکرێگیراوەکانی بەردەوامن لە ئەنجامدانی تاوانکاری و لێدان لە پێوەرە یاسایی و رەوشتییەکان، تا دەگات بە بەکارهێنانی چەکە قەدەخەکراوەکان دژی گەلەکەمان، تاوەکو ئێستاش زیاتر لە 30 بەرکەوتووی ئەو چەکە قەدەخەکراوانەمان هەن کە لە نێویاندا ژمارەیەک منداڵ هەن".
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا دکتۆر جوان مستەفا، هاوسەرۆکی دەستەی تەندروستی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بەپێویستی زانی "سەرجەم رێکخراوە تایبەتمەندەکان لە سەرووی هەمووشیانەوە رێکخراوی قەدەخەی چەکی کیمیایی و بایۆلۆجی بەکاری خۆیان هەستن و کار بۆ دەرخستنی راستییەکان بکەن بەپشتبەستن بەو بەڵگە و سەمپڵانەی لای بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر هەن. ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر جەخت لەسەر ئەو داوایەمان دەکەینەوە و پێویستە لیژنەکی بێلایەنانە پێشلکارییەکانی تورکیا بخاتەڕوو، هاوکات سەرکۆنەی ئەو هەوڵانەی تورکیاش دەکەین کە دەیەوێت تاوانەکانی بشارێتەوە بە رێگریکردن لە پێکهێنانی ئەو لیژنە نێودەوڵەتییە لە رێگەی بەخشینی بڕی 30 هەزار یۆرۆ بە رێکخراوی قەدەخەی کیمیایی، هەمان رۆژ کە دەکاتە 17ی ئۆکتۆبەر تورکیا فسفۆری سپی بەکارهێنا، ئەمەش بە رێککەوت نەبووە".
