رۆحانی چواره‌م هه‌نگاوی كشانه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی راگه‌یاند
سه‌رۆك كۆماری ئێران له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا دووپاتیشیكرده‌وه، "له سبه‌ی چوارشه‌ممه‌وه له وێستگه‌ی ئه‌تۆمی فۆردۆ ده‌ست به چواره‌م هه‌نگاوی كشانه‌وه له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ده‌كه‌ین و ئه‌و هه‌نگاوه‌ش بریتی ده‌بێت له پێدانی گاز به ئامێره‌كانی سه‌نته‌رفیوچی ئه‌و وێستگه‌یه... ده‌كرێت له‌م هه‌نگاوه پاشگه‌زیش بینه‌وه، ئه‌گه‌ر بێت‌و لایه‌نی به‌رامبه‌ر هه‌نگاوێك به‌ره‌و جێبه‌جێكردنی به‌ڵێنه‌كانی تایبه‌ت به رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی هاته پێشه‌وه و توانیمان نه‌وتی خۆمان بفرۆشین، ئه‌و كات ئێمه‌ش رێككه‌وتنه‌كه وه‌ك خۆی جێبه‌جێ ده‌كه‌ین".
رۆحانی گوتی: "ئه‌مڕۆ به رێكخراوی وزه‌ی ئه‌تۆمی ئێران راده‌گه‌یه‌نم، بۆ ئه‌وه‌ی له سبه‌یه‌وه گاز به زیاتر له هه‌زار ئامێری سه‌نته‌رفیوچی وێستگه‌ی فۆردۆ بده‌ن.. چالاكییه نوێیه‌كه‌مان له‌و وێستگه‌یه له ژێر سه‌رپه‌رشتی پشكنه‌رانی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی بۆ وزه‌ی ئه‌تۆمی ده‌بێت". دووپاتیشی كرده‌وه، ئێران ته‌واوی ئه‌و مافه‌ی هه‌یه كه هه‌ر جۆره ئامێرێكی سه‌نته‌ر فیوچ به‌رهه‌م بهێنێت.
رۆحانی روونیشیكرده‌وه، دانوستانه‌كانمان له‌گه‌ڵ ئه‌وروپییه‌كان به‌رده‌وامن و تاران مۆڵه‌تێكی نوێ به لایه‌نی به‌رامبه‌ر ده‌دات كه ماوه‌یه‌كه‌ی بریتییه له 2 مانگ.
پێشتریش تاران دووپاتیكردبووه‌وه، ئاماده‌كاری ته‌واویان بۆ ده‌ستپێكردنی چواره‌م هه‌نگاوی كشانه‌وه‌یان له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی كردووه، ئه‌گه‌ر لایه‌نی به‌رامبه‌ر پابه‌ندی به‌ڵێنه‌كانی نه‌بێت، ده‌ست به جێبه‌جێكردنی ده‌كه‌ن.
K24
