ئێران هه‌ڕه‌شه له هه‌موو هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات
ئه‌بو فه‌زڵ شكارچی، گه‌وره وته‌بێژی هێزه چه‌كداره‌كانی ئێران له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی فارس دووپاتیكرده‌وه، "به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی له هه‌ر سوچێكی سه‌ر ئه‌م زه‌مینه ده‌كه‌ینه ئامانج و پێشتریش كۆماری ئیسلامی تواناكانی له‌مباره‌یه‌وه بۆ هه‌موو لایه‌ك پشتڕاست كردووه‌ته‌وه".
شكارچی گوتی: "هه‌تا ئه‌گه‌ر وڵاتێك به‌شداری له جه‌نگی چاوهڕوانكاری ئه‌مه‌ریكا دژ به ئێرانیش نه‌كات، به‌ڵام خاكی خۆی بخاته خزمه‌تی ئه‌مه‌ریكا بۆ لێدانی ئێران، ئه‌و خاكه به خاكی دوژمن ده‌زانین و چۆن له‌گه‌ڵ دوژمنان ره‌فتار ده‌كه‌ین به هه‌مان شێوه له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌ش ده‌جووڵێینه‌وه".
روونیشیكرده‌وه، "گوتوومانه و چه‌ندین جاریش دووپات‌مان كردووه‌ته‌وه، كه هه‌رگیز ئه‌و لایه‌نه نابین كه ده‌ستپێشخه‌ری له هه‌ڵگیرسانی جه‌نگدا بكه‌ین، به‌ڵام هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌كی ستراتیژی له‌لایه‌ن دوژمنه‌وه، ئه‌وا به توندترین شێوه وه‌ڵامی ده‌ده‌ینه‌وه، كه نه‌یاره‌كانمان ده‌ستبه‌جێ له‌وی كردوویه‌تی په‌شیمان بێته‌وه و وه‌ڵامه‌كه‌مان به‌شێوه‌یه‌ك ده‌بێت، كه هیچ نه‌یارێكی كۆماری ئیسلامی ناتوانێت پێشبینی بكات و وه‌ڵامی هه‌ر گوللـه‌یه‌كی دوژمن به 10 به‌رامبه‌ر به‌هێز ده‌بێت و دوورترین خاڵی بوونیان ده‌كه‌ینه ئامانج".
دوای ئه‌وه‌ی له 8ی ئایاری ساڵی 2018، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كشانه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ئێران راگه‌یاند، تا دێت گرژی زیاتر ده‌كه‌وێته په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان واشنتن و تاران، ئه‌مه‌ریكا ئێران به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كات، كه هه‌وڵ بۆ به‌ده‌ستهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی ده‌دات و پشتیوانیكردنی تیرۆر ده‌كات له ناوچه‌كه، له‌كاتێكدا ده‌سه‌ڵاتدارانی تاران هه‌موو ئه‌و تۆمه‌تانه ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه و هه‌ردوو لاش به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه‌ی به‌كارهێنانی هێزی سه‌ربازی له یه‌كتر ده‌كه‌ن.
دوای ئه‌وه‌ی له 14ی ئه‌یلوولی رابردووش دامه‌زراوه نه‌وتییه‌كانی كۆمپانیای ئارامكۆی سعوودیه رووبه‌ڕووی هێرشێكی مووشه‌كی بوونه‌وه، ئه‌مه‌ریكا و سعوودیه په‌نجه‌ی تۆمه‌تی ئه‌و هێرشانه‌ی بۆ ئێران درێژ كرد، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی دیكه گرژی خسته نێوان واشنتن و تاران له‌لایه‌ك و تاران و ریاز له لایه‌كی دیكه‌وه.
