فلیپین بەهۆی کوژرانی بەغدادی حاڵەتی ئامادەباشی راگەیاند
سوپای فلیپین بەهۆی کوژرانی خەلیفەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، حاڵەتی ئامادەباشی راگەیاند.
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 27-10-2019 لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا، تیمێکی یەکەیەکی سەربازیی تایبەتی ئەمریکی بەناوی (دەلتا فۆرس)، ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعشی لە شاری ئیدلیب لە باکووری رۆژئاوای سووریا، کوشت.
لە بەیاننامەیەکدا، سوپای فلیپین رایگەیاندووە، وەک ئامادەکارییەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێک، کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشی.
سوپای فلیپین کوژرانی ئەبوبەکر بەغدادی بە ”گورزێکی بەهێز“ لە دژی گرووپە تیرۆریستییەکان دادەنێت و هۆشداریی داوە لە ئەگەری پەرچەکداری گرووپە تیرۆریستییەکان.
دوای دروستبوونی داعش، چەکدارانی توندڕەو لە باشووری ئەو وڵاتە، گرووپی ئەنسارول خیلافەیان دامەزراند و خۆیان وەک بەشێک لە داعش، ناساند.
باسنیوز
