وەزیری بەرگریی توركیا داوا لە ناتۆ دەكات پێکەوە ناوچەی ئارام دروست بكەن

وەزیری بەرگریی توركیا داوا لە ناتۆ دەكات پێکەوە ناوچەی ئارام دروست بكەن
خلووسی ئاكار وەزیری بەرگریی توركیا، لە پرێس کۆنفرانسێکدا داوای لە وڵاتانی ناتۆ كرد، پێکەوە لەگەڵ توركیا ناوچەیەكی ئارام لەسەر سنووری نێوان توركیا و سووریا دروست بكەن، هەروەها پشتگریی توركیای بۆ رێككەوتنی سووچێ دووپات كردەوە.

دوای ئەوەی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ لەبارەی هێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوا كۆبوونەوە و داوایان كرد توركیا هێرشەكە رابگرێت و بە هیچ شێوەیەكیش بیر لەوە نەكاتەوە كە كورد لەو ناوچانە بسڕێتەوە، خلووسی ئاكار ئەمڕۆ شەممە ٢٦ی١٠ی٢٠١٩ گوتی: "رێككەوتنی سووچی زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت و ئەو ١٥٠ سەعاتەی دانراوە لە ٢٩ی مانگ كۆتایی پێ دێت و توركیا لە نزیكەوە چاودێریی رەوشەكە دەكات و توركیا دوای ئەو قۆناغە رەوشەكە هەڵدەسەنگێنێت و ئەوەی پێویست بێت دەیگرێتە بەر".

وەزیری بەرگریی تورکیا لەبارەی ئەوەی توركیا چەكی فسفۆری سپی دژی هاووڵاتییانی سڤیل بەكار هێناوە ئاماژەی دا، كە ئەو دەنگۆیانە دوورن لە راستی و توركیا ئەو چەكەی بەكار نەهێناوە و گوتیشی: "باس لەوە دەكەن كە بمانەوێت پاكتاوی رەگەزی بكەین لە سووریا، ئەمە راست نییە و ئەو پڕۆسەیە ئەوەندە ئاسان نییە كە بیری لێ دەكەنەوە، هەروەها چەكی فسفۆڕمان دژی هاووڵاتییان بەكار نەهێناوە".

لە بەشێكی تری قسەكانیدا داوای لە وڵاتانی ناتۆ كرد، پێکەوە لەگەڵ توركیا ناوچەیەكی ئارام دروست بكەن و ئاوارەكان بگەڕێننەوە شوێنی خۆیان. ئاماژەی بەوەش داوە ئەگەر لەلایەن وڵاتانی ناتۆ پێشنیازێكی لەو شێوەیە باس بكرێت، توركیا هەڵی دەسەنگێنێت و كاری بۆ دەكات.

ئەو گوتانەی خلووسی ئاکار لە کاتێکدایە کە چەندین بەڵگە و وێنە لە برینداران بڵاو کرانەوە کە تورکیا لە هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، دەیان کەس بریندار کراون کە شوێنەواری چەکی فسفۆڕی سپی بەسەر جەستەیانەوە هەیە و محەمەد حەمدی یەک لەو نموونانەیە.

هاوکات دوێنێ هەینی ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی ئاشکرای کرد کە تورکیا بەتەمایە بە زۆرەملێ دوو ملیۆن لەو سێ ملیۆن ئاوارە و پەنابەرە سووری و عەرەبانەی کە لەو وڵاتەن لەو ناوچەی ئارامە جێگیر بکات.












باسنيوز
Top