ئۆپۆزسیۆنی توركیا داوای گۆڕینی سیستەمی سەرۆكایەتی دەکەن
مەراڵ ئاكشەنەر سەرۆكی پارتی باش، لە ئاهەنگی تێپەڕینی دوو ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتەكەیدا، ئاهەنگێكی رێك خست و سەرۆكی هەموو پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیای بانگهێشت كردبوو جگە لە هەدەپە، لەوێدا ئاكشەنەر رەخنەی لە سیستەمی سەرۆكایەتیی توركیا گرت و داوای گۆڕینی ئەو سیستەمەی كرد.
ئاكشەنەر ئەمڕۆ شەممە ٢٦_١٠_٢٠١٩ لە وتارێكدا پشتگیریی پارتەكەی خۆی و هەموو پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیای بۆ سیستەمی پەرلەمانی دووپات كردەوە.
گوتیشی: "بەناوی پارتی باش و جەهەپە و پارتی سەعادەت و هەموو پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا، بە پارتی دەسەڵات دەڵێم فەرموون هاوكارمان بن بۆ ئەوەی سیستەمی سیاسیی توركیا لە سەرۆكایەتییەوە بۆ پەرلەمانی بگۆڕین، چونكە دەركەوت سیستەمی سەرۆكایەتی چ زیانێكی گەورەی لە توركیا داوە".
بە گوێرەی گوتەی ئاكشەنەر، ئەوان وەكوو پارتەكانی ئۆپۆزسیۆنی توركیا، پڕۆژە یاسایەكیان ئامادە كردووە و داوای گەڕانەوەی سیستەمی پەرلەمانی دەكەن، بەڵام ئەگەر پارتی دەسەڵات پشتگیرییان نەكات، پڕۆژە یاسایەكە لە پەرلەمان دەنگی پێویست ناهێنێت.
لە ساڵی ١٩٢٣ سیستەمی سیاسیی توركیا پەرلەمانی بووە و تا ساڵی ٢٠١٨ ئەو سیستەمە لە توركیا كاری پێ كرا، بەڵام لەسەر داوای (ئەردۆغان و مەهەپە) دەستوور هەموار كرایەوە و پاشان لە ریفراندۆمێكدا سیستەمی توركیا بووە سەرۆكایەتی.
باسنيوز
