نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی ”پێشێلکارییەکان“ی هێزە عێراقییەکان دەکات
ئەنتۆنیۆ گۆتێرس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە رۆژنامەنووسانی نیگەرانیی خۆی بە کوژرانی خۆپیشاندەرانی عێراقی دەربڕیوە و رایگەیاندووە، هێزە ئەمنییە عێراقییەکان ”پێشێلکاریی گەورە“یان ئەنجام داوە.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرس هەروەها رایگەیاند، ژمارەیەکی زۆری خۆپیشاندەران کوژراون و ”پێویستە بەشێوەی بەرفراوان ئیدانە بکرێ“.
رۆژی هەینی 25-10-2019، سەدان هەزار هاووڵاتیی عێراق لە بەغدا و شارەکانی دیکەی باشووری ئەو وڵاتە، دژی گەندەڵی و کەمیی خزمەتگوزاری، خۆپیشاندانیان ئەنجام دا.
بەپێی دوایین زانیاری، بەهۆی توندوتیژیی سوپا و هێزە ئەمنییەکان دژی خۆپیشاندەرانەوە، 42 خۆپیشاندەر لە شارەکانی بەغدا، کەربەلا، بابل، میسان، زیقار، بەسرە، واست و دیوانییە کوژراون و 2300ی دیکەش بریندار بوون.
باسنيوز
