لێبوردنی نیودەوڵەتی: تورکیا بە زۆرەملێ ئاوارە عەرەبەکان لە ناوچەی ئەمن جێگیر دەکات

 لێبوردنی نیودەوڵەتی: تورکیا بە زۆرەملێ ئاوارە عەرەبەکان لە ناوچەی ئەمن جێگیر دەکات
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕۆژی هەینی ئاشکرای کردووە حکوومەتی تورکیا، سەرەڕای بوونی شەڕ و ئاڵۆزی لە ڕۆژئاوای کوردستان، پەنابەرە سووریە عەرەبەکانی لە تورکیا ناچار کردووە و بە زۆرەملێ لە ناوچەی ئارام جێگیریان دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی (ڕۆیتەرز) و زانیارییەکانی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی هەندێ لە پەنابەرە سوورییەکان زانیارییان بەو ڕێکخراوە داوە کە لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە بە زۆر ناچار کراون بەڵگە و دیکیۆمێنتی گواستنەوەیان بۆ ناوچەی ئارام لە سەرێکانی و گرێ سپی واژۆ بکەن.

لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەش کردووە: "حکوومەتی تورکیا بە گواستنەوەی ئەو پەنابەرە سووری و عەرەبانە بۆ ناوچەی ئارام، گیانیان دەخاتە مەترسییەوە".

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆیتەرز، ئێستا لە تورکیا نزیکەی سێ ملیۆن و 600 هەزار پەنابەری سووری بەهۆی شەڕی هەشت ساڵەی سووریا، لە تورکیا دەژین و ئەو وڵاتە بەتەمایە دوو ملیۆن کەسیان لە شارەکانی "گرێ سپی و سەرێکانی" لە ڕۆژئاوای کوردستان جێگیر بکات.

بە گوتەی بەرپرسانی ئەنقەرە، پێشتر سێ هەزار و 500 پەنابەری سووری لە تورکیاوە بە دڵخوازی خۆیان گەڕاونەتە سووریا.

پاش هێرشی سوپای تورکیا و گرووپە توندڕەوە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان زیاتر لە 200 هاووڵاتیی کورد شەهید و زیاتر لە 300 هەزار کەسیش لە شارەکانی گرێ سپی و سەرێکانی ئاوارە بوون.

دوای ڕێککەوتنی ئەمریکا و تورکیا، ئاگربەست لە نێوان تورکیا و هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕاگەیەندرا و پاشان بە ڕێککەوتنی تورکیا و ڕووسیا هێزەکانی سووریای دیموکرات لە بە درێژایی 32 کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای کوردستان لە سنوورەکانی تورکیا کشانەوە.







باسنيوز
Top