سکرتێری گشتی ناتۆ: پشتیوانی هەوڵەکانین بۆ دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی لە سووریا

سکرتێری گشتی ناتۆ: پشتیوانی هەوڵەکانین بۆ دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی لە سووریا
سکرتێری گشتی ناتۆ پشتیوانی خۆی بۆ چارەسەری سیاسی بۆ ململانێکانی سووریا رادەگەیێنێت و دەڵێت، لەسەر ئەوە هاوڕاین کە دەبێت دەستکەوتەکانمان لە شەڕی دژی دووژمنە هاوبەشەکەمان داعش بپارێزین.

ئەمڕۆ لە برۆکسل، وەزیرانی بەرگری ناتۆ کۆبوونەوە، یان ستۆلتێنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ لەبارەی کۆبوونەوەکە رایگەیاند: "ئەمڕۆ وەزیرانی بەرگری ناتۆ گفتوگۆیان لەبارەی چەندین بابەت و گرفتی جیاواز کرد، دۆخی باکوری رۆژهەڵاتی سوریاش بەشێک بوو لەوانە، لە نێو هاوبەشەکانماندا بیر و بۆچوونی جیاواز هەیە و گفتوگۆیەکی کراوەمان لەوبارەیەوە هەبوو، سەرنجمان لەسەر بەرەوپێشچوونەکان بوو".

سکرتێری ناتۆ ئاماژەی بەوەکرد کە "لە هەفتەی رابردوودا کەمبوونەوەیەکی بەرچاوی تووندوتیژییەکانمان بینی، ئێمە رێککەوتین کە بونیادنان لەسەر ئەمە بکەین تا بەرەوپێشچوون بکەین لە هەوڵەکانمان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ ململانێکانی سوریا، ئێمە پشتیوانی هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین بۆ گەیشتن بۆ چارەسەرێکی سیاسی".

بەگوتەی یان ستۆلتێنبێرگ : "وەزیرەکانیش هاوڕان لەسەر ئەوەی کە بەردەوام بین لە ئەرکەکانمان و کارەکانمان لە ناوچەکەدا و لەسەر ئەوە هاوڕاین کە دەبێت دەستکەوتەکانمان لە شەڕی دژی دووژمنە هاوبەشەکەمان داعش بپارێزین".
Top