نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا: هێزەکانمان بەڵگەیان دۆزیوەتەوە لەسەر ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لەلایەن تورکیاوە
ڕاپۆرت هەن لەسەر کۆمەڵێک ڕووداوی زۆر کە بە تاوانی جەنگ دادەنرێن
جەیمس جێفری، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە دانیشتنێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکادا باسی لەوەشکردوە، "بەڵگەیەکی دیارمان نەبینی لەسەر ئەنجامدانی پاکتاوی نەژادی لەلایەن تورکیاوە، بەڵام ڕاپۆرت هەن لەسەر کۆمەڵێک ڕووداوی زۆر کە بە تاوانی جەنگ دادەنرێن".
تاوتوێی ئەو ڕاپۆرتانە دەکەین و داوامان لە تورکیا کردووە رونکردنەوەیان لەسەر بدات
ئاماژەی بەوەشکردوە، تاوتوێی ئەو ڕاپۆرتانە دەکەن و داوایان لە تورکیا کردووە رونکردنەوەیان لەسەر بدات، بەرپرسانی ئەمەریکاش لێکۆڵینەوە لەو هەواڵانە دەکەن کە تورکیا لە هێرشەکانیدا فۆسفۆڕی سپی قەدەغەکراوی بەکارهێناوە.
چۆن ئەمریکا توانیویەتی بەم ئەندازەیە ناشرین و خراپ مامەڵە بکات، کە لەگەڵ هیچ بەهایەکماندا یەک ناگرێتەوە
لە کۆبونەوەکەدا ئیلیەت ئەینجڵ، سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا لە دەستپێکی دانیشتنەکەیدا رایگەیاندوە، "چۆن ئەمریکا توانیویەتی بەم ئەندازەیە ناشرین و خراپ مامەڵە بکات، کە لەگەڵ هیچ بەهایەکماندا یەک ناگرێتەوە".
رۆژی سێشەممەش جێفری لەبەردەم ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکادا وتی دەیان چەکداری داعش لە سەرەتای لەشکرکێشییەکەی تورکیاوە بۆ سەر باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا هەڵهاتوون، باسی لەوەشکردوە، " بەڵام نازانین ئێستا لە کوێن".
خەندان
