مانگرتنی گشتی لە لوبنان رادەگەیەندرێت
خۆپیشاندەرانی لوبنان مانگرتنی گشتی لە وڵاتەکەیان رادەگەیەنن و ژمارەیەک هونەرمەند دەست بەسەر کەناڵی تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتدا دەگرن.
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە 23-10-2019، خۆپیشاندەرانی لوبنان درێژە بە خۆپیشاندانەکەیان بدەن و خۆپیشاندان بۆ مانگرتنی گشتی بگۆڕن.
هەروەها ژمارەیەک هونەرمەندی لوبنانی وەک دەربڕینی ناڕەزایی دژی کەناڵی تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەیان لەبەرامبەر گرنگی نەدان بە خۆپیشاندانەکان و بڵاونەکردنەوەی هەواڵ، هەڵیانکوتایە سەر کەناڵەکە و دەستیان بەسەردا گرت.
خۆپیشاندانەکانی لوبنان لە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 17-10-2019ـەوە دەستیان پێ کردووە و تێیدا خۆپیشاندەران داوای چاکسازی و هەلوەشاندنەوەی حکوومەتەکەیان، دەکەن.
لوبنان وڵاتێکی عەرەبییە و کەوتووەتە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، لە هەرسێ پێکهاتەی عەرەبی سوننە، عەرەبی شیعە و مەسیحی پێک دێت و پۆستە سیادییەکان بەپێی عورفێک بەمشێوەیە یەکلا کراونەتەوە؛
- سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ پێکهاتەی مەسیحی
- سەرۆکایەتیی وەزیران بۆ پێکهاتەی سوننەمەزهەب
- سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ پێکهاتەی شیعەمەزهەب
بەهۆی ناکۆکیی سیاسیی و دەستوەردانی وڵاتانی دەرەکی، لە ساڵی 1975 تا 1990 شەڕی ناوخۆیی لەنێوان پێکهاتەکان دروست بوو و بووە هۆی کوژرانی 120 هەزار کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە ناوخۆی وڵاتەکە.
باسنيوزو
