پووتین بە تەلەفۆن نێوەڕۆکی رێککەوتنەکەی لەگەڵ ئەردۆغان بە ئەسەد گەیاند
دمیتری بیسکۆڤ، گوتەبێژی فەرمی کرملین رایگەیاند، سەرۆکی رووسیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بەشار ئەسەد ئەنجامدا و تێیدا بەندە سەرەکییەکانی ئەو رێککەوتننامەیەی بۆ ئەسەد شیکردووەتەوە کە لە ئەنجامی گفتوگۆکاندا لەگەڵ ئەردۆغان لەسەری رێککەوتوون.
گوتەبێژی فەرمی کرملین ئاماژەی بەوەکرد، ئەسەد سوپاسی پووتینی کردووە و دووپاتیکردووەتەوە پشتیوانی تەواوی ئەنجامەکانی ئەو کارە دەکات و هێزەکانی پاسەوانی سنووری سووریا ئامادەن بچنە سنووری نێوان سووریا و تورکیا بە هاوکاری لەگەڵ پۆلیسی سەربازی رووسی.
یەکێک لە خاڵەکانی رێککەوتنەکەی نێوان تورکیا و رووسیا باس لەوە دەکات، لە 23ی تشرینی یەکەمی 2019 دوای کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆوە پۆلیسی سەربازی رووسیا لەگەڵ پاسەوانانی سنووریی سووریا ئەو سنوورەی سووریا - تورکیا کە دەکەوێتە دەرەوەی سنووری ئۆپەراسیۆنی کانیاوی ئاشتی بەرەو سنووری سووریا دەچنەژوورەوە بۆ کارئاسانکردنی کشاندنەوەی یەپەگە و چەکەکانی بە مەودای 30 کیلۆمەتر لە سنووری تورکیا - سووریاوە.
هەر لەوبارەوە ئاژانسی سانای سووریا بڵاویکردەوە، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆکی رووسیا دووپاتیکردەوە لە یەکێتی و سەروەری سووریا بە خاک و گەلەوە و هەر رێککەوتنێک لەنێوان رووسیا و تورکیا جەخت دەکاتەوە لە بەرەنگاربوونەوەی هەموو شێوەکانی تیرۆر و هەڵوەشانەوە هەر ئەجێندایەکی جوداخوازی لە خاکی سووریا.
لای خۆیەوە سەرۆکی سووریا بە هەموو شێوەیەک هێرش و پەلاماری سەر خاکی سووریا رەتکردەوە لەژێر هەر ناو و پاساوێک بێت و راشیگەیاندووە، دۆخی ئێستا لە ئەستۆی ئەوانەیە کە خاوەن ئامانجی جوداخوازین.
ئەسەد دووپاتیکردەوە لە گەڕانەوەی دانیشتووان بۆ ناوچەکانیان بۆ راگرتنی هەر هەوڵێکی گۆڕینی دیمۆگرافیا. هەروەها جەختیکردووەتەوە لە بەردەوامبوونی سووریا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و داگیرکردنی هەر بستێکی خاکی سووریا بە هەموو رێگەیەکی رەوا.
