ئەردۆغان: ئەمریكا گوتی ناتوانن S400 بكڕن و ئێمە كڕیمان

ئەردۆغان: ئەمریكا گوتی ناتوانن S400 بكڕن و ئێمە كڕیمان
ئەمڕۆ سێشەممە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەركۆماری توركیا وەكو ئالنگەرییەك بەرانبەر ئەمریكا رایگەیاند واشنتۆن گوتی ناتوانن مووشەكی بەرگریی S400 بكڕن، بەڵام ئێمە كڕیمان و ئێستە لە توركیایە.

لە میانی وتارێكیدا لە ئەنكەرا بە بۆنەی تێپەڕینی سێ ساڵ بەسەر هەوڵی كودەتایەكەی 15ی تەمووز لە توركیا، ئەردۆغان وتارێكی پێشكەش كرد و لەوێدا بێمنەتی توركیای بەرامبەر بە ئەمریكا دەربڕی و گوتی بەڵێنی خۆمان هێنایە دی.

ئەردۆغان گوتی "ئەوان گوتیان ناتوانن مووشەكی بەرگریی S400 بكڕن، بەڵام دەستمان بە جێگیركردنی ئەو مووشەكە كردووە لە توركیا. ئەمڕۆ هەشتەمین فڕۆكەی بارهەڵگری مووشەكی بەرگریی S400 گەیشتە توركیا و بارەكەمان داگرت و سیستەمەكەمان لە توركیا جێگیر كرد. ئێستە ئامانجی ئێمە ئەوەیە، لە داهاتوودا لەگەڵ رووسیا مووشەكی بەرگریی S500 یش بە هاوبەشی بەرهەم بهێنین و ئەویش دەكەین".

لە بەشێكی تری وتارەكەیدا ئەردۆغان ئاشكرای كرد كە تا مانگی نیسانی ساڵی 2020 تەواوی مووشەكی بەرگریی S400 دەگاتە توركیا و بە تەواوی ئەو مووشەكە لە توركیا جێگیر دەبێت و كارەكانی خۆی دەكات.






باسنيوز
Top