سەرپەرشتی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا گەیشتە ئەفغانستان

 سەرپەرشتی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا گەیشتە ئەفغانستان
پاتریک شاناهان، سەرپەرشتی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە سەردانێکی لەناکاو بەبێ ڕاگەیاندنی پێشوەختە، ئەمڕۆ دووشەممە گەیشتە ئەفغانستان و جیا لە دیدار لەگەڵ هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بڕیارە لەگەڵ سەرکۆماری ئەو وڵاتەش کۆ بببێتەوە.



بەپێی ڕاپۆرتی میدیا جیهانییەکان، بریارە پاتریک شاناهان لەگەڵ ئەشرەف غەنی، سەرکۆماری ئەفغانستان کۆ بببێتەوە و ئامانج لەم سەردانەی سەرپەرشتی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، پشتیوانیی ئەو وڵاتەیە لە حکوومەتی کابول لە بەرەبەری دانوستانەکان لەگەڵ گرووپی تاڵیبان.



تاکوو ئێستا پێنج گەڕی دانوستان لە نێوان نوێنەرانی تاڵیبان و ئەمریکا و حزبە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە بەڕێوە چووە، بەڵام نوێنەرانی حکوومەتی فەرمیی ئەفغانستان لە هیچ کام لەو دانیشتنانەدا بەشداریی نەکردووە.



ڕەوتی دانوستانی ئاشتیی ئەفغانستان لەم چەند مانگەدا جارێکی دیکە گەشەی کردووە و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش لە نوێترین زانیاریی خۆیدا گوتوویە زەلمای خەلیل‌زاد، نوێنەری تایبەتیی ئەمریکا بۆ ئاشتیی ئەفغانستان، سەردانەکانی خۆی بۆ بەلجیکا، ئەڵمانیا، تورکیا، قەتەر، ئەفغانستان و پاکستان بۆ ئەم مەبەستە دەست پێکردووە.



باسنیوز
Top